نامه‌ی تره‌مپ بۆ بایدن چی تێدایه و كێ ده‌توانێت ئاشكرای بكات؟
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، 45ـه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، كه دوێنێ كۆشكی سپی جێهێشت، نامه‌یه‌كیشی بۆ جۆو بایدن جێهێشتووه، كه هه‌مان رۆژ وه‌ك 46ـه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سوێندی ده‌ستووری خوارد.
جێهێشتنی نامه له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌رۆكی دوای خۆیان، نه‌ریتێكه رۆناڵد ریگان له ساڵی 1989 دوای كۆتاییهاتنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی خۆی دایهێنا و نامه‌یه‌كی بۆ جۆرج بوشی باوك جێهێشت، كه دوای ئه‌و بوو به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
له‌و كاته‌وه سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، نامه‌یه‌كی ده‌ستنووسی تایبه‌ت، بۆ سه‌رۆكی نوێ جێده‌هێڵن.
یه‌كه‌م سه‌رۆك كه ناوه‌ڕۆكی نامه جێهێڵدراوه‌كه‌ی ئاشكرا كرد، بێڵ كلینتن بوو، كه له‌لایه‌ن بوشی باوك له كۆشكی سپی به ده‌ستنووس بۆ جێهێڵدرابوو.
بوشی باوك بۆ كلینتنی نووسیبوو: "من كه‌سێكی زۆر باش نیمه بۆ ئه‌وه‌ی راوێژ پێشكه‌ش بكه‌م، به‌ڵام رێگه‌مه‌ده ره‌خنه‌گرتن گۆشه‌گیرت بكات".
دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ تره‌مپ كۆشكی سپی جێهێشت، به هه‌مان شێوه‌یه نامه‌یه‌كی جێهێشتووه، به‌ڵام تا ئێستا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه، به‌ڵام پێش رۆیشتنی له گوتارێك بۆ رۆژنامه‌وانان گوتی: "سه‌ر له‌نوێ ده‌گه‌ڕێینه‌وه".
هه‌رچه‌نده له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نامه‌یه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام راست نییه و له‌لایه‌ن ئاژانسه‌كانی وردبینی له هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو ره‌تكرایه‌وه و راگه‌یه‌ندرا كه نامه‌كه راست نییه.
ئ. م