هه‌ولێر سبه‌ی ده‌یه‌وێت به‌ربه‌ستی حدوود ببڕێت

له گه‌ڕی پازده‌یه‌می خولی نایابی عێراقی، سبه‌ی هه‌ینی هه‌ولێر له یاریگه‌ی یه‌كه‌می فه‌ڕه‌نسۆ هه‌ریری میوانداریی یانه‌ی حدوود ده‌كات، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر 05:30ـی ئێواره ده‌كرێت و راسته‌وخۆ له‌سه‌ر په‌یجی كوردستان24سپۆرت ده‌گوازرێته‌وه، هه‌ولێر پێش ئه‌م یارییه 3 یاریزانی به هۆكاری جیاواز له‌ده‌ستداوه.
یانه‌ی هه‌ولێر له یارییه‌كه‌ی سبه‌ی ده‌رفه‌تی له پێشه تا دۆڕانه‌كه‌ی گه‌ڕی رابردووی له‌بیر بكات، به‌شێك له یاریزانه دوورخراوه‌كانی گه‌ڕی رابردووی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام 3 یاریزانی له‌ده‌ستداوه، دیار عه‌لی به‌هۆی پێكانه‌وه له لیستی یاریزانه بانگهێشتكراوه‌كاندا نییه، فه‌رحان شكووریش به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ داڵكورد یانه‌ی هه‌ولێری جێهشتووه، ئێرتۆنی ناوه‌راستكاری به‌رازیلیش به‌هۆی كارتی سووڕه‌وه سڕ كراوه.
یانه‌ی هه‌ولێر پێش ئه‌م یارییه به نووسراوی فه‌رمی تانه‌ی له بڕیاری سڕكردنی ئێترتۆن دا و داوای لابردنی كارته سووره‌كه‌ی ئه‌و یاریزانه به‌رازیلییه‌ی كرد، به‌ڵام به نه‌خێر وه‌ڵامیان دراوه‌ته‌وه، هه‌ولێر خاوه‌نی 17 خاڵه و له پله‌ی یازده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه دێت.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، حدود، ئاستی له‌م وه‌رزه خراپ و ناجێگیره، به‌جۆرێك له كۆی 14 یاریی گه‌ڕی رابردوو ته‌نها دوو بردنه‌وه‌ی هه‌یه، 16 گۆڵی لێكراوه، ئه‌مه‌ش خراپترین ئاماره له‌سه‌ر ئاستی خوله‌كه، حدوود خاوه‌نی 13 خاڵن و له پله‌ی شازده‌یه‌می ر یزبه‌ندی دێن، له دواین 3 یاریی نێوانیان، هه‌ولێر دوو بردنه‌وه و حدودیش بردنه‌وه‌یه‌كی هه‌یه.
