بانکی ناوەندیی بە ملیارەها دۆلار کاغەزی دارایی دەخاتە بازاڕەوە

"دەکرێ وەک رەهن بەکاربهێنرێن بۆ وەرگرتنی قەرز و بۆ هەر مامەڵەیەک پێویست بە گەرەنتی بکات"

K24-هەولێر

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند کاغەزی دارایی دەخاتە بازاڕەوە کە بەهای هەر یەکەیان ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە و کاغەزە داراییەکان دوای دوو ساڵ دەکردرێنەوە.

بانکی ناوەندیی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "لە بڕی وەزارەتی دارایی دەستیکرد بە فڕۆشتنی کاغەزی دارایی بە بەهای 1.5 ترلیۆن دیناری عێراقیی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی سەریهەڵداوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و تێچووی زۆری جەنگی عێراق دژی رێکخراوی داعش و ئەمە کاغەزە داراییانە بۆ یەکەم جارە لە 2003 وە دەخرێنەڕوو بۆ فرۆشتن".

بانکی ناوەندیی گوتیشی: "کاغەزە داراییەکان دوای دوو ساڵ دەکردرێنەوە واتا لە رێکەوتی 14/3/2018 و ئەم کاغەزە داراییانە بە رێژەی 8%ی دابەزاندنی ساڵانە دەفرۆشرێن". دڵنیاییشی دا: "دەکرێ بانکەکان و هاوڵاتییان داوای کڕینی ئەو کاغەزانە بە راستەوخۆ ئاراستەی بانکی ناوەندیی بکەن".

بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەش دەکات: "ئەو کاغەزە داراییانە دەکرێ وەک گەرەنتی بەکاربهێنرێن بۆ وەرگرتنی قەرز و ئاسانکاریی یان بۆ هەر مامەڵەیەک پێویست بە گەرەنتی بکات و دەکرێ لە بازاڕی عێراق بۆ کاغەزە داراییەکان مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێ".

ئەمە یەکەم وەجبەی فرۆۆشتنی کاغەزی داراییە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، لە کاتێکدا بڕیارە عێراق کاغەزی دارایی بە بەهای 7 ترلیۆن دینار بفرۆشێ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی فیدڕاڵیی لە چوارچێوەی ئەو پلانەی کە پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای کرد بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی گشتیی ئەو وڵاتە.

بەپێی سەندووقی نەختی نێودەوڵەتیی یەدەکی فیدڕاڵیی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ نزیکەی 54 ملیار دۆلار کەمیکردووە لە کاتێکدا لە ساڵی 2014 نزیکەی 80 ملیار دۆلار بوو.

ئا: ئا ، ف