فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هۆشداری دەدات.. دوو خۆکوژ لەرێگان

نووسراوێکی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی فریاکەوتن ناردووە
تەرمی قوربانییەکی تەقینەوەکانی رۆژی پێنجشەممەی بەغدا، وێنەکە لە سۆشیاڵ میدیاکان بڵاوکراوەتەوە
تەرمی قوربانییەکی تەقینەوەکانی رۆژی پێنجشەممەی بەغدا، وێنەکە لە سۆشیاڵ میدیاکان بڵاوکراوەتەوە

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئەمڕۆ هۆشداری دا لە بوونی دوو خۆکوژ کە بەنیازن دوو شوێنی بەغدا بکەنە ئامانج.

لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی فریاکەوتنی ناردووە، دەڵێ"زانیاریی نهێنیمان لە دەزگایەکی ئەمنی پێگەیشتووە چەکدارانی داعش نیازیان هەیە خەڵکی مەدەنی بکەنە ئامانج لەڕێگەی دوو خۆکوژ، ئەوان لە ناوچەی شوعلەوە و بە رێگەی خێرای تاجی - شوعلە بەڕێوەن و بەنیازن لە چەند کاتژمێری داهاتووی ئەمڕۆ بازاڕی ساحە و گومرگی سەوزە بکەنە ئامانج".

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هەروەها دەڵێ "داوادەکەین بەو زانیارییانەدا بچنەوە و رێوشوێنەکان جێبەجێ بکەن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەوڵەت و دامەزراوە حکومییەکان و خەڵکی مەدەنی بپارێزن".

ئەو هۆشداریدانە لەکاتێکدایە نەسر شەمەری، گوتەبێژی بزووتنەوی نوجەبا شەوی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئیتجاهی عێراقی رایگەیاندبوو "پێنج کەس، بەنیازبوون لە رۆژی پێنجشەممەدا خۆیان بتەقێننەوە، دووانیان خۆیان تەقاندەوە و سێ کەسیان ماون، ئەوان هێشتا ئازادانە دەسوڕێنەوە و رەنگە لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا خۆیان بتەقێننەوە".

بەگشتی لە دوو تەقینەوە خۆکوژییە خوێناوییەکەی رۆژی پێنجشەممەی بەغدا، نزیکەی 35 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.

نووسراوەکە
نووسراوەکە