دوو خۆکوژ لە بەغدا خۆیان تەقاندەوە و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس
دوو خۆکوژ بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس

K24 - بەغدا
دوای ماوەیەکی زۆر لە کەمبوونەوەی تەقینەوەکان لە عێراق، ئەمڕۆ دوو تەقینەوەی خوێناوی بەغدایان هەژاند و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەس.
تەقینەوەکان بەدیاریکراوی لە بازاڕێکی نێوان گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانی تەیەران روویانداوە لەنێو کۆنەفرۆشان، ئەوانەی بوونەتە قوربانیش زۆربەیان خەڵکی هەژاری مەدەنین.
تیمی کوردستان24 دوای ماوەیەکی کەم لە روودانی تەقینەوەکان گەیشتە بازاڕەکە. وەک لە وێنەکان دەردەکەوێت، تەقینەوەکان گەورە بوون، هێزە ئەمنییەکان دەڵێن قوربانییەکان زۆرن و شاهێدحاڵانیش خەمبارن و چاوەڕوانی رووداوی لەوشێوەیە نەبوون.
لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-1-2021) یەحیا رەسول، گوتەبێژی سەربازیی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ دوو هێرشی تیرۆرستی لە ناوچەی باب شەرقی لە بەغدا روویاندا. هێزە ئەمنییەکان بەدوای دوو خۆکوژەوە بوون، کاتێک هەردووکیان خۆیان تەقاندووەتەوە، بەهۆیانەوە ژمارەیەک خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار بوون".
لیوا کازم بورهان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی عێراق لە شوێنی تەقینەوەکان قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد و رایگەیاند" ئەمە لە تاوانەکانی داعشی تیرۆرستە کە هەوڵدەدات قەرەبووی دۆڕانە سەرشۆڕانەکەی بکاتەوە. ئەمانە هاتوونەتە شوێنی کاسبکاران و ئەم کارە ترسنۆکانەیان کردووە. تەقینەوەکان لەڕێگەی دوو پشتێنی بۆمبڕێژکراو کراون".
بەپێی گوتەی لیوا کازم بۆ کوردستان24 "تائێستا 28 کوژراو هەن و 73 کەسیش بریندارن، ئەمەش دوایین ژمارەکانە و ئامارەکان لە نەخۆشخانە وەرگیراون".
ئەم هەواڵەش ببیننە:
بە وێنە و ڤیدیۆ.. دوو تەقینەوەی خوێناوی بەغدایان هەژاند
هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێک بەفەرمی بەرپرسیارییەتی خۆی لەو تەقینەوانە رانەگەیاندووە، بەڵام لیوا کازم دەڵێ "بەدڵنییایەوە رەنگە داعشی تیرۆرست بێت".
یەکێک لە شاهێدحاڵەکان کە قسەی بۆ کوردستان24 کرد، گوتی "هێزە ئەمنییەکان دواکەوتن، دوای تێپەڕینی یەک چارەگ لە تەقینەوەی یەکەم هیچ هێزێکی ئەمنی نەهاتبوو، ئێمە بە عەرەبانە و هەرچی شتی لەدەستمان بوو، بریندارەکانمان گواستنەوە".
کەسێکی دیکەش کە دوای تەقینەوەکان هاتووەتە بازاڕەکە باسی ئەوە دەکات "پێمان وابوو لەو دۆخە رەشە و تەقینەوەکان رزگارمان بووە، بەڵام بەداخەوە دۆخی سیاسی زۆر شڵەژاوە".
هـ.ر.