چین لە دامەزراندنی ژێرخانی هێڵی شەمەندەفەر هاوکاری عێراق دەکات

"هێڵی ئاسنینی عێراق دەبێتە بەشێک لە رێگەی ئاوریشمی"
شەمەندەفەر
شەمەندەفەر

K24 - ھەولێر

کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنانی راگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا چەندین پڕۆژەی دیکە توێژینەوەیان لەسەر دەکرێت، وەک هێڵی ئاسنینی (بەسرە - فاو) هەروەها هێڵی (بەسرە - فاو - کوت - بەغدا - بەعقووبە - کەرکووک - هەولێر - موسڵ - دهۆك - زاخۆ) لەگەڵ هێڵی (بەغدا - کەرکووک - هەولێر - موسڵ - دهۆک - زاخۆ).

تاڵب جەواد ئەلحوسەینی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق بۆ رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی رایگەیاند، هاوکارییەکی هاوبەش لەگەڵ کۆمپنیایەکی سەر بە حکومەتی چین هەیە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەکادیمیای جیهانی و پسپۆڕە لە سەرجەم بوارەکان و جێبەجێکردنی ژێرخانی ئابووری دامەزراندنی هێڵی ئاسنین.

ئەو بەڕێوەبەرە ئاشکرای دەکات، گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی هێڵی ئاسنین کراوە، کە بە گوێرەی پلان ئابووری لەنێو یاسای وەبەرهێناندا جێگەی بکرێتەوە و توانای هێڵی ئاسنینی عێراق بەرزبکرێتەوە، لە گرنگترینیشیان کاراکردنی پڕۆژەی (بەسڕە - فاو)ـی خزمەتگوزاری.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارە ھێڵەكە ببەسترێتەوە لە رێڕەوی دەریاییەوە بەرەو وشکانی بەستنەوەی بە رێگەی ئاوریشمی کە ئامانج لێی، گواستنەوەی کاڵا بێت لە بەندەری فاوەوە بۆ تورکیا و ئەوروپاوە و داهاتی ترانزێت کۆبکرێتەوە. بۆ ئەوەش تورکیا لە ماوەکانی رابردوو، ئامادەیی خۆی نیشانداوە، هێڵی ئاسنینی لە وێستگەی (فیشخابوور - نوسێبین) بە درێژایی 133 کیلۆمەتر بە گوژمەی 800 ملیۆن دۆلار دروستبکات، کە یەکێکە لە پڕۆژە زیندووەکان و بەستنەوەی تورکیا و عێراق لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە.