"پەرلەمانی عێراق کار لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کورتهێنان لە پڕۆژە بودجە دەکات"

قەبارەی كورتھێنان لە پڕۆژە بودجەی عێراق 71 ترلیۆن دینارە
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق کار لەسەر دابینکردنی شایستەی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەران و گرێبەست و کرێی وانەبێژان دەکات. روونیشی دەکاتەوە پەرلەمان کار بۆ ئەوە دەکات خەرجییەکان کەمبکاتەوە بۆ ئەوەی کورتهێنان کەم بێتەوە، دواتر لە ئایندەیەکی نزیکدا دەنگدانی گشتی بۆ بکرێت.

حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەکی بنەڕەتی کار لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەکاتەوە، کە قەبارەکەی 164 ترلیۆن دینارە، هەروەها کەمکردنەوەی کورتهێنان کە قەبارەکەی 71 ترلیۆن دینارە و 44%ـی پڕۆژەی پێکهێناوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە پێویستی دەزانێت، کار لەسەر خەرجی راستەقینە بکرێت بۆ ئەوەی پێداویستییە گرنگەکان دابینبکرێت، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە چارەسەر و پێکوتەی کۆرۆنا. هەروەها شایستەی دارایی جوتیاران و گرنگی بە شایستەی دارایی پسوولەی خۆراک بدرێت و پشکی چاودێری کۆمەڵایەتی فراوان بکرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێندرا، کە ئەوەش راستەوخۆ بە نەرێنی لەسەر ئەو کەسانەی داهاتییان سنووردارە شکایەوە.

کەعبی داوادەکات، بڕی سێ ترلیۆن دینار لە لایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ سندووقی نیشتەجێبوون تەرخان بکرێت، کە وەک قەرز بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون وەریبگرن.