رێژەی هەژاری لە عێراق زیاد دەكات

20%ـی دانیشتووانی عێراق لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەژین
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی داتاکان سەرەڕای ئەوەی عێراق وڵاتێکی نەوتییە و داهاتێکی زۆری لە فرۆشی ئەو سەرچاوە سروشتییەوە دەستدەکەوێت، بەڵام نەبووەتە هۆکارێک بۆ خۆشگوزەرانی و تەنانەت یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژاریدان.

بەپێی ئامارە فەرمییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ، كۆی ھەناردەی نەوتی بۆ ساڵی 2020 گەیشتووەتە ملیارێك و 96 ملیۆن و 345 ھەزرا بەرمیل، تێكڕای ھەناردەی مانگانە 91 ملیۆن و 362 ھەزار بەرمیل، تێكڕای رۆژانەش گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 362 ھەزار بەرمیل.

لە ئامارەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، كۆمپانیا نەوتییەكانی چین و ھیندستان دواتر ئەمەریكییەكان زۆرترین نەوتی عێراقیان كڕیوە، ئەو داهاتەی كە لە فرۆشی نەوتی خاو تۆماركراوە گەیشتووەتە 41 ملیار و 755 ملیۆن دۆلار، كە بە تێكڕا 3 ملیار و 479 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە. كۆی ھەناردە لە كێڵگە نەوتییەكانی بەسڕە و ناوەڕاستی عێراق لە رێگەی بەندەرەكانی بەسڕەوە گەیشتووەتە ملیارێك و 60 ملیۆن و 454 ھەزار دۆلار و داھاتەكەی گەیشتووەتە 40 ملیار و 488 ملیۆن دۆلار.

لە دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق تایبەت بە ھەژاری دەركەوتووە، نزیكەی 10 ملیۆن عێراقی لەژێر ھێڵی ھەژاریدا دەژین، پێوەرەكانی ھەژاریش لەسەر بنەمای دەستگەیشتن بە تەندروستی، نیشتەجێبوون، پەروەردە ، داھات، پێویستییەكان بۆ خۆراك.

عەبدولزەھرە ئەلھنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیداوە، ئەو دۆخەی كە عێراق ساڵانێكە پێیدا تێدەپەڕێت، بووە ھۆكار كە ساڵی 2019 رێژەی ھەژاری بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبێتەوە و بگاتە 20%، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و دواتر قووڵتربوونی قەیرانی دارایی لە ئەنجامی داكەوتنی نرخی نەوت، كاریگەریی بەرچاویان لەسەر  بەرزبوونەوەی ھەژاری لە وڵاتەكە ھەبووە.

كارەبا یەكێكی دیكەیە لە كێشەی ھاووڵاتییانی عێراق، كە لە ھەندێك ناوچە بڕینی كارەبا دەگاتە 20 كاتژمێر لە رۆژێكدا، بۆ دابینكردنی كارەباش چەندین ساڵە پشتی بە ئێران بەستووە، بۆ ئەوەی یەك لەسەر سێی پێداویستییەكانی كارەبا پڕبكاتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئەوەی خستووەتەڕوو، لە لیستی ئەو وڵاتانەی كە زۆرترین گەندەڵی تێدا دەكرێت لە جیھاندا، عێراق لە پلەی 12 يەمیندا دێت و بەگوێرەی خەملاندنە فەرمییەكانیش، لە ماوەی 16 ساڵی رابردوو بەھۆی گەندەڵییەوە زیاتر لە 450 ملیار دۆلار لە عێراق دیار نەماوە.