یەكەمین كۆبوونەوەی داڕشتنی بودجەی 2021 لە وەزارەتی دارایی بەڕێوەچوو

بۆ یه‌كه‌مجار داهات و خەرجی و شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت و خەرجی دەرهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت دەخرێنە ناو پرۆژە یاسایی بودجە هه‌رێمی كوردستان
كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی داڕشتنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2021
كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی داڕشتنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2021

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بە مەبەستی ئامادەكردن و داڕشتنی پرۆژە یاسایی بودجەی 2021ی هه‌رێمی كوردستان، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكان ئەنجام دەدات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریدا هاتووه‌، "پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی ئامادەكردن و داڕشتنی پرۆژە یاسایی بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ئەم مەبەستە زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكان ئەنجام دەدات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "دەستپێكی ئەم كۆبوونەوانە یەكەم وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستی پێكرد و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 24/1/2021 لە دیوانی وەزارەت كۆبوونەوەكه‌ بە سەرپەرشتی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو".

دووپاتیشیكرده‌وه‌، "بودجەی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی گشتگیر دەبێت، سەرجەم وەزارەت و دەستەكان، داهات، خەرجیی، قەرزە گشتیەكان و كورتهێنان، لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای بودجە دەبێت. لەو چوارچێوەیەشدا بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان داهات، خەرجی و (شایستە دارایی كۆمپانیاكانی نەوت، خەرجی دەرهێنان، هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت)ی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەخرێتە ناو پرۆژە یاسایی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021".

H.B