سێ چەكداری داعش لە ئەنبار دەستگیر كران

لە دیالە ھەشت حەشارگەی داعش بۆردومان كران
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - ھەولێر

لە رۆژئاوای ئەنبار سێ چەکداری داعش دەستگیرکران و لە بەغداش بۆمبێک لەبەردەم دوکانێکی مەی فرۆشتن تەقییەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە پرۆسەیەکی ئەمنیدا، لە چەند ناوچەیەکی قەزای هیت لە رۆژئاوای ئەنبار، سێ چەکداری داعش دەستگیرکران.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی، ھەشت حەشارگەی داعش، لە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری قەتەرەپە لە سنووری پارێزگای دیالە، لەلایەن هێزی ئاسمانی عێراقیەوە بۆردوومان کران.

هاوکات لە گەڕەکی عەدل لە رۆژئاوای بەغدا، بۆمبێکی چێندراو لە بەردەم دوکانێکی مەی فرۆشتن تەقییەوە و تەنیا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

دوێنێ لە هێرشێکی داعشدا لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، 11 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.