دابەزاندنی بەهای دینار رێژەی هەڵاوسان لە عێراق بەرزدەکاتەوە

دوای گۆڕانکاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو رێژەی هەڵاوسان 3.3% بەرزدەبێتەوە
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

دەزگای ناوەندی بۆ ئامار کە سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراقە، لە دوای داشکاندنی بەهای دینار لە لایەن بانکی ناوەندییەوە یەکەم راپۆرتی خۆی  لەبارەی رێژەی هەڵاوسانی بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بڵاوکردەوە.

عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووە، کە بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی لە بەردەستیانە پێنوێنەکانی هەڵاوسان بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2020 بە رێژەی 3.3% هەروەها بەراورد بە مانگی کانوونی یەکەمی 2012 بە رێژەی 3.2% بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەگەڕێتەوە.

هینداوی دەشڵێت، نرخی تووتن بە رێژەی 10.1% بەرزبووەتەوە هۆکارەکەشی بۆ هاوردەی جگەرە دەگەڕێتەوە، لە دوای ئەویش دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بە رێژەی 8.8% بەرزبووەتەوە، هەروەها کەلوپەلەکانی ئەلیکترۆنیش بە رێژەی 7.5% بەرزبوونەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان روونی دەکاتەوە، نرخەکانی کاڵا و خزمەتگوزاری بە رێژەی 4.9% بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە تەواوی عێراق دەگەڕێتەوە.

باسی لەوەشكردووە، رێژەی هەڵاوسانی سەرەکی لە مانگی کانوونی یەکەم بەراورد بە مانگی تشرینی دووەمی پێشخۆی بە رێژەی 4% بەرزبووەتەوە.