عێراق گەورەترین داکشانی ئابووری تۆماردەکات
K24 - ھەولێر
ساڵی رابردوو ئابووری عێراق بە گەورەترین داكشان تێپەڕی لەوەتەی 2003ـەوە تاوەكو ئێستا.
راپۆرتێكی پەیمانگای پارەداركردنی نێودەوڵەتی ئاشكرای كرد، لە ماوەی ساڵی 2020دا ئابووری عێراق رووبەڕووی خراپترین داكشان بووەوە لەوەتەی 2003ـەوە تاوەكو ئێستا، بەجۆرێك گەیشتووەتە 11.2%، بەو پێییەی كە وڵاتەكە بە دوو شۆكی گەورەدا تێپەڕی، كە خۆی لە دابەزینی نرخی نەوت و بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبینێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێشبینی دەكرێت كۆی بەرھەمی نەوتی لە ناوخۆدا ئەمساڵ 1.6% گەشە بكات و كۆی بەرھەمی نانەوتیش بەرێژەی 3.1% بەرزبێتەوە.
ھاوكات رۆژنامەی زەی ناشیۆناڵی بەریتانی لە زاری گەورە ئابووریناسان لە پەیمانگای گاربیس ئیرادیان رایگەیاندووە، دابەزینی نرخی نەوت، بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، ھەروەھا ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق، بوونەتە ھۆكار كورتھێنان لە بودجەدا بگاتە 15.6%ـی كۆی بەرھەمی ناوخۆ لە 2020دا.