چاوی میدیاکان دەچێتە سەر زاوا عەرەبەکەی ترەمپ

یەک رۆژ پێش کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتیی ترەمپ، ئەڵقەی پێشکەشی کچەکەی ترەمپ کرد و ئەویش رازیبوو
ترەمپ، تیفانی و مایکڵ
ترەمپ، تیفانی و مایکڵ

K24 - هەولێر

لەدوای پێشکەشکردنی ئەڵقەی دەزگیرانداری بە تیفانی ترەمپ، کچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، چاوی میدیاکان چووەتە سەر مایکڵ بۆڵوس، گەنجێکی ملیاردێری عەرەب.

مایکڵی تەمەن 23 ساڵ، میراتگری ئیمپراتۆرییەتەکی گەورەی ملیار دۆلارییە. هەفتەی رابردوو، یەک رۆژ پێش کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتیی ترەمپ، رایگەیاند ئەڵقەی دەزگیرانیی پێشکەشی تیفانی کردووە و ئەویش قبوڵی کردووە.

مایکڵ لە شاری هیوستنی ویلایەتی تەکساس لەدایک بووە، کوڕی خێزانێکی عەرەبیی مەسیحییە کە کارە بازرگانییەکانیان لە نایجیریاوە بۆ فەرەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا درێژ دەبێتەوە.

تیفانی و مایکڵ
تیفانی و مایکڵ

 

مایکڵ لەو کاتەوەی پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ تیفانی بەستووە، ژمارەیەکی زۆر وێنەی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە ئینستاگرامەکەی بڵاوکردووەتەوە بە هاشتاگی "بەردەوامبە لەوەی ئەمەریکا باشتر بکەی"، ئەمەش درووشمی ترەمپ بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەوەیەوە تاوەکو کۆتاییهاتنی سەرۆکایەتییەکەی پێنج رۆژ پێش ئێستا.

پێش ئەوەی لە ساڵی 2018 تیفانی بناسێت، مایکڵ بۆڵوس بەردەوام کاتەکانی لە ئاهەنگگێڕان و یانە شەوانەکان و نێو یەختە گرانبەهاکان بەسەربردووە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، موسعید بۆڵوس، باوکی مایکڵ کە یەکێکە لە لایەنگرە سەرسەختەکانی دۆناڵد ترەمپ، باسی مێژووی خێزانەکەی کردووە، هەروەها گوتوویەتی زۆر خۆشحاڵە بە دەزگیرانداریی کوڕەکەی و تیفانی.

تیفانی و مایکڵ، وێنە: AP
تیفانی و مایکڵ، وێنە: AP

 

موسعید دەڵێ "هەستم بە خۆشییەکی زۆر کرد، کاتێک گوێبیستی هەواڵی گۆڕینەوەی ئەڵقەی دەزگیراندارییان بووم. تیفانی کچێکی جوان و زۆر زیرەکە، مایکڵ بەختی هەیە و ئەمەش تەنیا بەشێکە لە ژیانێکی دووودرێژ و پڕ لە خۆشەویستیان".

بازرگانە عەرەبەکە، ماوەیەکی زۆرە لایەنگری پارتی کۆماریی ئەمەریکایە و، دەڵێ "ترەمپ باشترین سەرۆک بوو لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و زۆرترین دەستکەوتی هەبووە".

موسعید بۆڵوس لە ناوچەیەکی سنووری نێوان لوبنان و سووریا لەدایکبووە و منداڵ بووە کاتێک لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو خێزانەکەی بەرەو ئەمەریکا کۆچیان کردووە.

مایکڵ و باوکی
مایکڵ و باوکی

 

موسعید خوێندکار بووە کاتێک هاوسەرگیریی لەگەڵ سارە فەزوول، کچی بازرگان زوهەیر فەزوول کردووە. زوهەیر پشتی زاواکەی گرتووە و خستوویەتییە سەر کار لە کۆمپانیای خانەوادەکەی کە لە 13 وڵاتی ئەفریقی لە بواری فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، خستنەسەریەک و چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و ئامێری هەڵکەندن و کشتووکاڵ کاریان کردووە.

بەڵام ئەو خێزانە هەمیشە لە خۆشیدا نەژیاون، لە ساڵی 2003 کاتێک مایکڵ هێشتا منداڵ بووە، لە دوو کارەساتدا پێنج ئەندامی بنەماڵەکەیان لەدەستداوە.

سەرەتا بەهۆی هەڵەیەک لە رێکخستنی داری کریسمس، ماڵی مامی سارای دایکی مایکڵ سووتاوە، بەهۆیەوە مام و هاوسەرەکەی گیانیان لەدەستداوە، رۆژی دواتر پێنج ئەندامی خێزانەکەی سارا فڕۆکەیەکیان بەکرێگرتووە تاوەکو بچنە پرسەکەیان لە بەیرووت، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی فڕۆکەکە، کەوتووە و هەر پێنجیان گیانیان لەدەستداوە.

وێنەیەکی وەرگیراو لە ئینستاگرامەکەی مایکڵ
وێنەیەکی وەرگیراو لە ئینستاگرامەکەی مایکڵ