لە هەولێر دوو پۆلیس ژنێک رزگاردەکەن کە بەنیازی خۆکوشتن بوو

عەرەبە و لە هەولێر لەگەڵ هاوڕێیەکی نیشتەجێیە
پردێکی پەڕینەوە لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر
پردێکی پەڕینەوە لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر

K24 - هەولێر

دوو پۆلیس بەیانیی ئەمڕۆ لە هەولێر، رێگریان کرد لەوەی ژنێکی عەرەب لە بەرزەپردی فرانسوا میتران خۆی فڕێبداتە خوارەوە بەمەبەستی خۆکوشتن.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، دەستخۆشی لەو دوو پۆلیسە دەکات و دەڵێ: یەکێکیان کارمەندی هاتووچۆیە و ئەرکی رێکخستنی هاتووچۆیە لە ترافیکی ژێر ئۆڤەرپاسی فرانسوا میتران لەسەر شەقامی 60 مەتری، ئەوەی دیکەش پاسەوانی وەزارەتی دادە.

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر هەروەها دەڵێ ئافرەتەکە "بەنیازبووە خۆی فڕێبداتە خوارەوە لەسەر ئۆڤەرپاسەکە و (پۆلیسەکان) بەر لەخۆفڕێدانی گرتیان و، رادەستی هێزەکانی پۆلیسیان کرد".

کوردستان24 زانیویەتی، ئەو ژنە عەرەبە و خەڵکی بەغدایە، کێشەی لەگەڵ هاوسەر و ماڵی باوکی هەبووە، بۆیە دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی، بەغدای بەرەو هەولێر بەجێهێشتووە و ئێستا لەگەڵ ژنێکی هاوڕێی دەژی.

سەرەتا کە لەلایەن پۆلیسەوە پرسیاری لێکراوە، ژنەکە گوتوویەتی بەنیاز نەبووە خۆی بکوژێت، بەڵام دواتر دانی بەوەداناوە "لەڕووی دەروونییەوە ماندووە، بۆیە ویستوویەتی کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت" و، پۆلیسەکان رێگرییان لێکردووە.