ئۆتۆمبێلی "مەلیکە" بە نایاسایی ھاوردەی سنووری سلێمانی دەكرێت

ھاتووچۆ داوا لە خەڵكی دەكات ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە نەكڕن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

جۆرێک ئۆتۆمبێل کە بە (مەلیکە) ناسراوە و مۆدێلیان لە خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە، ژمارەیەکی زۆریان لەڕێگەی سنووری پارێزگای سلێمانی داخڵی هەرێمی کوردستان کراون کە بێ پێشینەن و لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل تەنها بە مەرجی نەبوونی کێشەی مەدەنی دەفرۆشرێن.

مامەڵەکارانی ئۆتۆمبێلی مەلیکە دەڵێن ئەو ئۆتۆمبێلانە کوالیتیان بەرزە و لێخوڕینیان سەلامەتە.

دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی لە پێشانگاکان سست کردووە، بەڵام ئۆتۆمبێلی (مەلیکە) كە بێ تابلۆ بێ سەرەتان هەم ژمارەیان، هەم فرۆشیان زیادیکردووە.

ئەو جۆره ئۆتۆمبێلانە هەر یەکێکیان بە تابلۆیەکی جیاواز، هەندێکیشیان بەبێ تابلۆ خەریکە شەقامەکان پڕ دەکەن. مامەڵەکارانی ئۆتۆمبێلی مەلیکە دەڵێن، زیاتر لە 12 هەزار ئۆتۆمبێلی لەو جۆرە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ھێنراونەتە هەرێمی کوردستان.

لە بەرامبەردا پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی داوا دەکات، هاووڵاتییان ئەو ئۆتۆمبێڵانە نەکڕن، چونکە ژمارەیان پێنادرێ و لەبازگەکان دەستیان بەسەردا دەگرن.

تەنها ئۆتۆمبێلی مەلیکە نییە بە قاچاغ داخلی هەرێمی کوردستان دەکرێ، زۆر ئۆتۆمبێلی تریش هەن کە گران بەهان و له شەقامەکان بەبێ تابلۆ یان تابلۆی ساختە و جۆراو جۆر هاتووچۆیان پێدەکرێ.

بەپێی زانیاری چەند پەرلەمانتارێک لە سلێمانی نووسینگەی تایبەت بۆ هێنانی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی رێگەپێدراو هەن کە ئۆتۆمبێلی گران بەها بە قاچاغ دێنن و لەباخ و ڤێلاکان راگیراون و خەڵکی بەرپرس لە پشت هاوردەکردنیانە.