رووسیا لەبارەی دانووستانەكانی جنێڤ پەیوەندی بە ئێرانەوە دەكات

"سەرجەم لایەنەكان بەشداری لە دانووستاندنەكان بكەن"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ھاوتا ئێرانییەکەی محەممەد جەواد زەریف، باسیان لە رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان ئەمریکا و رووسیای کرد تایبەت بە سووریا و ئاگربەست لەو وڵاتە.

لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاشكرای كرد: "سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممە جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداو باسیان لەوە کردووە کە پێویستە دانووستانەکانی جنێڤ بە زووترین کات دەست پێبکەنەوە و ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پێویستە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناکۆك لە سووریا بەشداری لە دانووستاندنەكان بكەن".

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راشیگەیاندووە: "لە چوارچێوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، ھەردوو وەزیر باسیان لە بەرنامە نوێیەکەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە، بۆ درێژەدان بە ئاگربەستەکەی سووریا و ھەروەھا گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بۆ سەرجەم ناوچە ئابڵوقە لەسەرەکان".

ئەمە لە كاتێكدایە مانگێك ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چەندین مەرجی بۆ بەشداریكردن لە دانووستاندنەكان خستەڕوو كە دەبێ رژێم جێبەجێیان بكات ئەوكات ئەوان بەشداری لە كۆبوونەكانی جنێڤ دەكەن، لە ماوەی ئەو مانگە تا ئێستا ھیچ كۆبوونەوەیەك لە نێوان رژێم و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەڕێوەنەچووە، رووسیا لە ھەوڵدایە بۆ دەستپێكردنەوەی دانووستانەكانی جنێڤ.