پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران
K24 - ههولێر:
پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ساڵانە (500) ھەزار تۆن گەنم وەردەگرێت، لە ماوەی (91) رۆژی کارکردن لە پڕۆژەکەدا قۆناغی باشی بڕیوە، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە رایگهیاند، دەستیان کردوە بە بەستنی سایلۆکان و بڕیاره تا سەرەتای مانگی حوزهیران سایلۆکان دابنرێن.
پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، لە دوای (91) رۆژ کارکردن تێیدا ھەنگاوی گەورەی بڕیوە، لەگەڵ ئەوەی بناغەی پڕۆژەکە (70%)ی تەواو بووە، دەستکراوە بە دانای (5) سایلۆش، كە ئێستا لە قۆناغی سەرەتاییدان.
ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران ئاماژهی بهوه كرد، بۆ سەرەتای مانگی حوزهیران سایلۆکان تەواو دەبن، بۆ سەرەتای مانگی تشرینی یهكهم پڕۆژەکە بەرھەمی خۆی دەبێت.
ماوەی (12) تا (16) کاتژمێر کار لەم پڕۆژەیەدا دەکرێت، لە ماوەی (24) کاتژمێردا و رۆژانە (300) کەس لە پڕۆژەکەدا سەرقاڵی کارەکردنن. ئەندازیاری تەکنینی پڕۆژەکە روونیكردهوه، تا ئێستا قۆناغە گرنگەکانی پڕۆژەکەیان تەواو کردووە و ھەوڵدەدەن لە زووترین کاتدا پڕۆژەکە تەواو بکەن.
پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران (11) کارگە و (40) سایلۆ لە خۆدەگرێت، لەقۆناغی یەکەمدا (20) سایلۆ تەواو دەکرێن، بڕیارە تا ناوەڕاستی مانگی شوبات، (6) سایلۆ کارەکانیان تەواو ببێت و کارگەی ئارد و بڕوێش و گەنمەکوتاش بۆ سەرەتای مانگی تشرینی یهكهمی ئهمساڵ دەکەونە کار، ئەمەش بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دادەندرێت، کە ساڵانە (500) ھەزار تۆن گەنم وەردەگرێت.
د.ی