بەشیر حەداد: 200 ماڵە کوردەکەی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک دەرناکرێن
K24 - هەولێر
بەشێکی زۆری خێزانە کوردەکانی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک، هەڕەشەی گرتن و دەرکردنیان لێدەکرا، بە بیانووی ئەوەی ئەو شوێنەی لێی دەژین سەر بە کۆمپانیای نەوتە، بەڵام لەمڕۆوە بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رێکارەکان راگیران و ماڵەکان دەرناکرێن.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند "لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور قسەمان کردووە و پێمان گوتوون رێگەنادەین، ئەو ماڵە کوردانەی گەڕەکی عەرەفەی موسیجە بەبێ قەرەبووکردنەوە، دەربکرێن".
هەروەها گوتی: هەموو رێکارەکانمان راگرت و ماڵەکان دەرناکرێن.
ماوەی چەند رۆژێک بوو هێزە سەربازییەکانی عێراق دەچوونە سەر ژمارەیەک ماڵی کورد لە گەڕەکی عەرەفەی موسیجە لە کەرکووک، کە ژمارەیان 200 ماڵ دەبێت و داوایان لێدەکردن ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
هێزە ئەمنییەکان "رەشبگیریان" کردووە و ژن و پیاویان راپێچی زیندان کردووە. هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی گەڕەکەکەش، ئەوانەی قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە، دەیانگوت "بڕیارەکە تەنیا بۆ کوردە و عەرەب و تورکمان ناگرێتەوە".
ئەوەی جێی ئاماژەیە، بەشێکی زۆری خێزانە کوردەکانی گەڕەکەکە، کەسوکاری پێشمەرگە و شەهیدن.