خۆکوژێک کە بەنیاز بووە لە بەغدا خۆی بتەقێنێتەوە، دەستگیر کرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەستگیریان کردووە
وێنەیەکی ئەرشیڤیی دیمەنێكی شوێنی تەقینەوەکانی مانگی رابردووی بەغدا
وێنەیەکی ئەرشیڤیی دیمەنێكی شوێنی تەقینەوەکانی مانگی رابردووی بەغدا

K24 - هەولێر

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند، کە بەنیازبووە لە شەقامێکی بەغدا خۆی بتەقێنێتەوە.

لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 2ـی شوبات/ فێبرایەرـی 2021) رایگەیاند کەسێک دەستگیرکرا، کە پێشتر بەنیاز بووە لە بەغدای پایتەخت خۆی بتەقێنێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، دەزگای ئەمنی نیشتمانی لە پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە "توانیویانە شانەیەکی تیرۆرستی دەستگیربکەن کە لە چوار ئەندام پێکهاتبوون. یەکێک لەوان خۆکوژەکە بووە، ئەوانەی دیکەش هەریەکەیان ئەرکێکی هەبووە، بەمشێوەیە: فەرماندەی شاندەکە، شۆفێر و سەرباز".

دەستگیرکردنی خۆکوژەکە لەکاتێکدایە، لەدوای دوو تەقینەوە خۆکوژییەکەی مانگی رابردووی بەغدا، کە بەهۆیانەوە نزیکەی 35 کەس کوژران و زیاتر لە 100 کەسی دیکە برینداربوون، دەنگۆی ئەوە هەبوو: سێ خۆکوژی دیکە لە بەغدان و بەنیازن هەمان کردەوە ئەنجامبدەن.

ئەو ئۆپەراسیۆنە لەکاتێکدا بوو: لەماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا لە بەغدا، بۆمبێکی چێندراو لەبەردەم دووکانێکی مەیفرۆشتن لە ناوچەی به‌سمایەی باشوور و بۆمبێكی دیکەش لەبەردەم سەنتەرێکی مەساج لە ناوچەی کەڕادە تەقینەوە، کە زیانی گیانیان بەدواوەنەبوو.