سەرۆكی بزووتنەوەی نەتەوەیی پشتیوانی لە پێویستی توركیا دەكات بۆ دەستوورێكی نوێ

بەھجەتلی: "ئاشكرایە توركیا پێویستیی بە دەستوورێكی نوێیە، ئامانج و تێڕوانین و ھزری حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی لەگەڵ ئەو ئاراستە دایە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا، دەوڵەت بەھجەتلی جەختیكردەوە لەسەر پێویستی وڵات بە دەستوورێكی نوێ و دووپاتیكردەوە حزبەكەی پشتگیری لەو تێڕوانینە دەكات.

بەھجەتلی لە راگەیاندراوێكی حزبیدا گوتی: "ئاشكرایە توركیا پێویستیی بە دەستوورێكی نوێیە، ئامانج و تێڕوانین و ھزری حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی لەگەڵ ئەو ئاراستە دایە".

روونیشیكردەوە، "ھاوپەیمانی گەل"، كە لەگەڵ حزبی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار كۆیان دەكاتەوە، ئەو بەرپرسیاریانەی لەسەر شانیانە بەجێدەگەیەنن، بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییە دەستوورییەكان لەسەر بنەمای لەباوەشگرتن و یەكگرتنی ھەمووان".

دووشەممەی رابردوو، سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، دەكرێت جووڵە بكەین لە پێناو ئامادەكردنی دەستوورێكی نوێ بۆ قۆناغی داھاتوو، ئەگەر لەگەڵ ھاوبەشەكەیان لە پەیمانی گەل (حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی) بگەنە لێكتێگەیشتن.

سەرۆكی توركیا لە گوتەیەكیدا دوای سەرۆكایەتیكردنی كۆبوونەوەیەكی حكومەت لە كۆمەڵگه‌ی سەرۆكایەتی لە ئەنقەرە، گوتی: لەوانەیە كاتی ئەوە ھاتبێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستوورێكی نوێ بۆ توركیا.

ئەردۆغان جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە "داڕشتنی دەستوور شەفاف بێت و بخرێتەڕوو بۆ ھەڵسەنگاندنی گەل".

ئەردۆغان روونیشكردەوە، حكومەت دەست بە گرتنەبەری ھەنگاوەكانی پێویست دەكات لە پەرلەمان سەبارەت بە پرسەكانی یاسایی و لە سەرۆكایەتیشدا سەبارەت بە پرسەكانی ئیداری.

سەرۆكی توركیا ئاماژەیكرد بە نزیكبوونەوەی وادەی راگەیاندنی لێكۆڵینەوەی گشتگیر بۆ چاكسازییەكان، كە فەلسەفە و ئامانجەكانی لەخۆ دەگرێت.