شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم لە بەغدا لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی كۆدەبێتەوە

گفتوگۆ لەبارەی دانوستانەكانی شاندی حكومەت لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكرێت
شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا - ئەرشیف
شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم لە بەغدا بەجیا لەگەڵ ھەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی كۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی دانوستانەكان لەگەڵ پەرلەمان و حكومەت و لایەنە عێراقییەكان دەكەن.

دیار تەیب، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی حكومەتی ھەرێم لە بەغدا بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە جیا لەگەڵ ھەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی كۆدەبێتەوە".

گوتیشی: "شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم و فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی، تاوتوێی دانوستانەكان لەگەڵ لیژنەی دارایی لەبارەی پشكی ھەرێم لە بودجەی عێراق و گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەت و لایەنە عێراقییەكان دەكەن".

سەرەتای ئەم ھەفتەیە شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم، بۆ دانوستان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق و دابینكردنی شایستە داراییەكان ھەرێمی كوردستان چوونەوە بەغدا، تائێستا چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و لایەنە عێراقییەكان ئەنجامداوە.