له ساڵێكدا 133 ژن له ئێران خۆيان كوشتووه
K24 – ههولێر:
رۆژنامەکانی رۆژی پێنجشەممەی چاپی تاران، بابەتە گرنگەکانی ئەم رۆژانەی ئێرانیان کردووەتە مانشێتی سەرەکی و چەند رۆژنامەیەک لە بارەی روودانی بوومەلەرزە لە تارانی پايتهخت هوشدارییان داوە.
یەکێک لە کورسییەکانی پەرلەمانی ئێران هەروا بە بەتاڵی ماوەتەوە و رۆژنامەی ئیعتيماد بە مانشێتی: چارەنووسی کورسی ئیسفەهان لە پەرلەمان هەروا کێشەی نێوان دوو دامەزراوەیە، دۆسیەی کراوەی مینۆ خالقی، باسی کێشەی نێوان سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی چاودێری کردووە و نووسیویەتی: سەرۆک کۆمار دەڵێت: ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکم داون جێبەجێیان دەکەم و عەلی جەننەتی سەرۆکی ئەنجومەنی چاودێری دەستووریش دەڵێت، لە هەموو قۆناغەکاندا بەسەر هەڵبژاردنەکاندا چاودێری دەکەین.
رۆژنامەی ئارمانى ئێمروز، لە زمان سەرۆکی پزیشکی دادوەریی ئێرانەوە نووسیویەتی: لە ساڵی رابردووی کۆچی هەتاویدا 4 هەزار و 20 کەس لە ئێران خۆیان کوشتووە.
ئەحمەد شوجاعی دەڵێت: رێژەی خۆکوژی ساڵی رابردوو لە چاو ساڵی پێشتر کەمیکردووە.
بە گوتەی سەرۆکی پزیشکیی دادەوەریی ئێران لەو 4 هەزار و20 کەسەی لە ساڵێکدا خۆیان کوشتووە، 2 هەزار و887 کەسیان پیاو و یەک هەزار و133 کەسیان ژن بوونە.
رۆژنامەی جەوان، هەواڵی کوژرانی فەرماندەیەکی هێزی دەریاوانیی سوپای پاسدارانی بڵاو کردووتەوە و نووسیویەتی: فەرماندەی هێزی تایبەتی دەریاوانیی سوپای پاسداران لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا لە ناوچەی نازعات تێکەڵی یارانی شەهیدی بوو.
ناوچەی نازعات لە نزیک سێ دورگە کێشە لەسەرەکەی نێوان ئێران و ميرنشينه یەکگرتووی عەرەبییە.
جەوان هەروەها نووسیویەتی: فەرماندەی پاسدار محهممەد نازری، لە پاراستنی هاتوچۆی کەشتییەکان بە کەنداوی عەدەندا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو.
رۆژنامەی تەعادول، باسی ئەگەری روودانی بوومەلەرزە لە تارانی کردووە و نووسیويەتی: یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس لە باڵەخانە کۆنەکانی تاراندا نیشتەجێن و بەهۆی بوومەلەرزەیەکی 7 ریختەری 800 هەزار کەس لە تاران گیانیان لەدەست دەدەن.
بەڕێوبەری لێکۆڵێنەوەی رێگەوبان و ئاودانکردنەوە دەڵێ: بوومەلەرزە لەتاران روودات، بەڵام لای ئێمە کاتەکەی دیار نییە.