رێکارە یاساییەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری هەولێر دەستیانپێکردووە

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر داوای سیڤی دەکات بۆ پۆستی پارێزگار
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

رێکارە یاساییەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی هەولێر دەستیانپێکردووە، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر داوای سیڤی دەکات بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر و ئەگەر هەیە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، ئەنجومەنی پارێزگا کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.

لەدوای کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر لە تەمەنی 42 ساڵیدا بەهۆی پەتای کۆرۆنا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، هێمن قادر، پارێزگاری هەولێرە بەوەکالەت، بەڵام بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو پارێزگاری نوێ هەڵببژێردرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان، کە گەورەترین فراکسیۆنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرە، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی پەرلەمانی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر دەستنیشانکردووە و، دوێنێ وەزارەتی ناوخۆ سیڤییەکەی ناردووەتە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر.

عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 4ـی شوبات / فێبرایەرـی2021) سەبارەت بە رێکارەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ، قسەی بۆ کوردستان24 کرد.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دوێنێ لە راگەیەندراویکدا داوای کردووە هەرکەسێک خۆی کاندید دەکات بۆ پۆستی پارێزگار، پێویستە چەند مەرجێکی تێدا بێت، بۆ ئەو مەبەستەش تاوەکو کاتژمێر 01:00ـی نیوەڕۆی رۆژی شەممەی داهاتوو، کاتیان لەبەردەستە سیڤیی خۆیان پێشکەشی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بکەن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ "ئەو کاندیدانەی مەرجەکانیان تێدایە، لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگاوە وردبینیان دەکرێ و دەخرێتە بەرنامەی کار و یەک یەکەیان سیڤی خۆیان دەخوێننەوە، پاشان بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە".

بۆ ئەوەی هەر کاندیدێک بە پارێزگاری هەولێر هەڵببژێردرێت بەپێی یاسا "پێویستی بە دەنگی 50 کۆ یەکی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگایە، بەو مەرجەی لە 16 ئەندام کەمتر نەبن".

عەلی رەشید دەشڵێ "رەنگە رۆژی دووشەممە رێکارەکان تەواوببن و کۆبوونەوە دەستپێبکەین".

راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر
راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر

 

هـ.ر.