بەهۆی بارانی بەخوڕ لە پێنج پارێزگای عێراق پشوو راگەیەنرا

ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان و دروستبوونی لافاو هەیە
لەو پارێزگایانە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە
لەو پارێزگایانە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە

K24 - هەولێر

دوو رۆژە بارانبارینی بەخوڕ چه‌ند پارێزگایه‌كی باشووری عێراقی گرتووەته‌وه‌، بەو هۆیەوە لە هەریەک لە پارێزگاکانی: موسەننا، دیوانییە، بابل، نەجەف و واست، ئەمڕۆ کراوەتە پشوو.

نووسینگەی لوئەی یاسری، پارێزگاری نەجەف لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ "پارێزگار فەرمانی کردووە بە نەبوونی دەوامی قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان لە سەرجەم پارێزگاکە لە رۆژی 6ـی شوبات/فێبرایەری 2021 بەهۆی خراپیی رەوشی کەشوهەوا، کە چاوەڕوان دەکرێت بارانبارین هێشتا بەردەوام بێت".

پارێزگارەکانی دیکەی ئەو پێنج پارێزگایە، راگەیەندراوی هاوشێوەیان بڵاوکردووەتەوە و هۆشداری دەدەن لە ئەگەری دروستبوونی لافاو، بۆیە ئەمڕۆیان کردووەتە پشووی فەرمی.

هاوکات، تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی لەو پارێزگایانە خراونەتە ئامادەباشییەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی رووبارەکان و دروستبوونی لافاو.

 

هـ.ر.