شەڕێکی خوێناوی لەنێوان دوو بنەماڵەی باکووری کوردستان.. حەوت کەس کوژران

سێ کەسی دیکەش بریندارن و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەهۆی شەڕی دوو بنەماڵە لە پارێزگای ئەدیامانی باکووری کوردستان، رۆژی هەینی حەوت کەس کوژران و سێی دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی ئەنادۆڵووی فەرمیی تورکیا رایگەیاند، رووداوەکە هەینی (5ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) لە گوندی دۆلوچە، لەنێوان دوو بنەماڵە روویداوە؛ هەردوولا بە چەک رووبەڕووی و یەکدی بوونەتەوە، حەوت کەسیان لە یەکدی کوشتووە و سێشیان بریندار بوون.

مەحموود چوهادار، پارێزگاری ئەدیامان لەکاتی سەردانکردنی نەخۆشخانە بۆ لای بریندارەکان، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی هیوادارین ئەو حاڵەتانە دووبارە نەبنەوە، "لێکۆڵینەوە دەکەین تاوەکو هۆکاری شەڕەکە دەزانین".

ئەو دوو ماڵباتە هەردووکیان دانیشتووی گوندی دۆلوچەی ناوچەی جنجقن، پێشتریش ناکۆکیان لەنێواندا هەبووە. ئێستاش بەپێی ئاژانسە تورکییەکە، هێزە ئەمنییەکان لە گوندەکەیان بڵاوەیان پێکراوە تاوەکو رێگەندەن جارێکی دیکە شەڕ لەنێوانیان دروستببێتەوە.

ئەو جۆرە رووبەڕووبوونەوە خوێناوییانە، رووداوی دەگمەن نین لە باکووری کوردستان، خوێناویترین رووداوی هاوشێوەش لە ساڵی 2009 روویدا، کاتێک لەئەنجامی شەڕی دوو بنەماڵە لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە ماردین، 44 کەس کوژران، کە بووک و زاواش لەنێو کوژراوەکان بوون.

 

هـ.ر.