ئەمەریکا: پاڵپشتی ئێزدییەکانین

گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ئەو بەڵگانەی لەلایەن (UNITAD) کۆکراونەتەوە لە شوێنی رووداوەکە، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئەوانەی بەهۆی کارە قێزەونەکانی داعش ناڵاندوویانە
رووفاتی 104 ئێزدی پێش ناشتنیان لە گوندی کۆجۆ، وێنە: AFP
رووفاتی 104 ئێزدی پێش ناشتنیان لە گوندی کۆجۆ، وێنە: AFP

K24 - هەولێر

گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی شەممە رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێزدییەکانە لە ئازار و تازییەبارییان بۆ ئەندامانی کۆمەڵگاکەیان، کە شەش ساڵ پێش ئێستا لەلایەن داعشەوە کوژران.

لە راگەیەندراوێکدا نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوێنێ (شەممە، 6ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) رایگەیاند "تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (UNITAD) لەگەڵ حکومەتی عێراق کاریان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی 104 ئێزدی بۆ گوندی کۆجۆ لە شنگال بۆ ئەوەی لەلایەن ئازیزانیان بنێژرێن".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی ئەوە دەکات "ئەو بەڵگانەی لەلایەن (UNITAD) کۆکراونەتەوە لە شوێنی رووداوەکە، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئەوانەی بەهۆی کارە قێزەونەکانی داعش ناڵاندوویانە".

رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە گوتەی نێد پرایس، لەوەتەی دامەزراندنییەوە لە 2017، حکومەتی ئەمەریکا 9 ملیۆن دۆلاری لە بودجەی خۆی پێداوە بۆ ئەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش کۆبکاتەوە، هەڵیانبگرێت و بیانپارێزێت.

راگەیەندراوەکە لەکاتێکدایە دوێنێ رووفاتی 104 ئێزدی دوای پشکنین لە بەغداوە بە مەراسیمێکی سەربازی گەڕێنرانەوە گوندی کۆجۆ لە قەزای شنگال، ئەو گوندەی زۆربەی هەرە زۆری پیاوەکانی بەدەستی داعش شەهیدکران و داعش گەورەترین کۆمەڵکوژیی تێدا ئەنجامدا، رووفاتەکان بە ئامادەبوونی کەسوکاریان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەخاک سپێردران.

 

هـ.ر.