نه‌جمه‌دین كه‌ریم: بارزانی هیچ متمانه‌یه‌كی به‌ به‌غدا نه‌ماوه‌

نه‌جمه‌دین كه‌ریم بۆ ئه‌مه‌ریكا: سەربازەكانتان گیانی خۆیان لەپێناو یەکگرتوویی وڵاتێکدا دەکەنە قوربانی، کە خەڵکی ئەو وڵاتە نایانەوێت یەکگرتوو بێت
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b3ffc2da-d720-4fb2-8cae-9b3f1f4dd52f/Najmaddin%20Karim.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئۆباما لە واشنتۆن، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووك، رایدەگەیەنێت، کاتی ئەوە ھاتووە عێراق دابەش بکرێت و ئاشکراشی دەکات بارزانی ھیچ متمانەی بە بەغدا نەماوە.

پارێزگاری کەرکووك لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لە واشنتۆن، پێیانرادەگەیەنێت کاتی ئەوە ھاتووە، عێراق دابەش بێت و کەرکووك لە بەغدا جیا بکرێتەوە.

نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووك کە ئێستا لە ئەمریکایە و لەماوەی ھەفتەی رابردوودا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئه‌و وڵاته‌ کۆبووەتەوە، ماڵپەڕی فۆڕن پۆڵەسی ئەمریکی، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، نەجمەدین کەریم رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی بەغدا گرتووە و رایگەیاندووە بەھۆی سیاسەتەکانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانەوە ناچاربوون ئەمساڵ چەند جارێك بەرھەمھێنانی نەوتی کەرکووك رابگرن و بەمەش پارێزگاکە دووچاری کێشەی ئابووری بووەتەوە.

مانگی رابردوو، ئەمریکا رایگەیاند کە ھێزی زیاتر رەوانەی عێراق دەکات بەمەبەستی ھاوکاریکردنی سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، بەڵام بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، نەجمەدین کەریم، پەیامێکی گرنگی بە بەرپرسە ئەمریکییەکان داوە، بەوەی پێیراگەیاندوون، سەربازە ئەمریییەکان گیانی خۆیان لەپێناو یەکگرتوویی وڵاتێکدا دەکەنە قوربانی، کە خەڵکی ئەو وڵاتە نایانەوێت یەکگرتوو بێت".

ئەو ماڵپەڕە ئەمریکییە نووسیوویەتی: "لەوەتەی شەڕی داعش دەستی پێکردووە، ھەوڵەکانی سەرکردایەتی کورد بۆ نزیکبوونەوە لە سەربەخۆیی، چڕتر بووەتەوە"، لەوبارەیەشەوە، نەجمەدین کەریم دەڵێت: "مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھیچ متمانەیەکی بە بەغدا نەماوە".

لەبارەی کێشەکانی عێراق و ناکۆکیی نێوان شیعەکانی عێراق، نەجمەدین کەریم ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، واشنتۆن و تاران، ھیچ جێگرەوەیەکی دیکەی حەیدەر عەبادی شك نابەن، بۆیە ناچارن بەردەوام بن لە پتشگیرییکردنی و پارێزگاری کەرکووك ده‌ڵێت: "باوەڕ ناکات، ئێران پاڵپشتیکارێکی بەھێزی عەبادی بێت وەکو رابردوو، بەڵام ھەتا جێگرەوەیەکی گونجاو نەدۆزرێتەوە، بەغدا و ناوچەی سەوز لەو ئاڵۆزییە بەردەوام دەبێت".

لە کۆتایی راپۆرتەکەی ماڵپەڕە ئەمریکییەکەدا ھاتووە: "لەگەڵ ئەوەی کورد خەریکە لە گەیشتن بە خەونە ھەمیشەییەکەیان نزیك دەبنەوه‌ کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە، بەڵام ھاوپەیمانەکانیان لە تاران، ئەنقەرە و واشنتۆن، ھێشتا ئامادە نین بگەنە ئەو راستییە".