كەناڵی 12ی ئێسرائیلی رۆڵی ئافرەتانی مۆساد ئاشكرا دەكات لە رێككەوتنی ئاساییكردنەوە لەگەڵ وڵاتانی كەنداو

ئافرەتانی مۆساد لە گشت جیھان كار دەكەن لە ژێر ناوی جیاجیادا و لە ھەر رۆڵێكدا كە بكرێت
ئافرەتانی بەسەربازكراو لەلایەن دەزگای مۆسادی ئیسرائیل
ئافرەتانی بەسەربازكراو لەلایەن دەزگای مۆسادی ئیسرائیل

K24 – ھەولێر:

كەناڵی 12ی ئیسرائیلی رایگەیاند، سەرۆكی دەزگای مۆساد لە كانوونی یەكەمی رابردوو خانمێكی لە ئەندامانی دەزگاكە خەڵات كرد؛ بەھۆی رۆڵە گرنگەكەی لە ئاساییكردنەوەو پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی كەنداو، كە لە ئەنجامدا، "رێككەوتنە ئیبراھیمییەكانی لێكەوتەوە".

ئەو راپۆرتەی كەناڵی ئیسرائیلی تیشكی خستە سەر "جیھانی ئافرەتانی ھەواڵگری ئیسرائیلی" و رۆڵی كاریگەریان لە درووستكردنی پەیوەندیی دەزگای مۆساد لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداو.

راپۆرتەكە گوتی: "لە كانوونی یەكەمی چیڕۆكی ئافرەتە جەنگاوەرەكانی مۆساد ئاشكرا كرا. سەرۆكی دەزگا، یوسی كۆھین، بڕوانامەی جیاكەرەوەی دا بە 8 كەس لەو ئافرەتانە دا. یەكێك لەوانە وا پێناسەكرا، بەوەی بلیمەتە لە بەھێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ كەنداو و لە ئەنجامدا رێككەوتنەكانی ئیبراھیمی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لێكەوتەوە".

ھەروەھا راپۆرتەكە ئاماژەی بە یەكێك لەو خانمانەی دەزگاكە داداوە، بە ناوی "یائیل" كە بەشدارییكرد لە جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنی "بەھاری گەنجان" لە جەرگەی "بەیرووت"دا.

بەڵام مەترسیدارترین و بێ وێنەترین ئۆپەراسیۆن ئەوە بووە، یەكێك لە دەستكیسانی مۆساد بەشداریی تێیدا كرد و بووە ھۆی كوشتنی سەركردەی ناوداری فلەستینی، عەلی حەسەن سەلامە، دامەزرێنەر و سەركردەی ھێزی 17ی بزووتنەوەی فەتح لە ساڵی 1979، ئەو ئۆپەراسیۆنە بەڕێگای خانمە ئەندامێكی مۆساد ناسراو بە ئیریكا چامبرز ئەنجامدرا، دوای ئەوەی گەیشتە بەیرووت و ھەر خۆیشی پەنجەی لەسەر دوگمەی تەقینەوەی بۆمبەكە داگرت.

راپۆرتەكە ئاماژەیكرد، "چەندین دەستكیسی دیكەیان لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان نیشتەجێ ببوون و دەستیانكردبوو بە كۆكردنەوەی زانیاری ھەواڵگری لەسەر بەرپرسانی رێكخراوی رزگاریخوازی فه‌لەستینی، كە دواتر دەكرێنە ئەمانج بۆ كوشتنیان لە میانی چاودێریكردنیان لە شوقەیەكی بەكرێ لە بەرامبەر ماڵەكانیان".

راپۆرتەكە ئاشكرایكردووە، "ئافرەتانی مۆساد لە گشت جیھان كار دەكەن لە ژێر ناوی جیاجیادا و لە ھەر رۆڵێكدا كە بكرێت و یەكێك لە مەترسیدارترین ئەركەكانی ئەنجامدران لە میانی شەڕی ئۆكتۆبەر لە ساڵی 1973، چوونە نێو بەرەی سوپای میسر بوو بۆ ئاماركردنی ژمارەی كەشتی و تانكەكان و ئاگاداركردنەوەی بارەگای مۆسادی ئیسرائیل لەمەڕ ئەو زانیارییانە".

سەرچاوە: RT