تەندروستی عێراق داوای دەستپێکردنەوەی خوێندن بە ئۆنلاین دەکات

داوای داخستنی چەند شوێنێكی گەشتیاری دەكرێت
قوتابخانەیەكی بەغدا - ئەرشیف
قوتابخانەیەكی بەغدا - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی عێراق، پێشنیازی داخستنی هەندێک لە شوێنە گشتییەکان و دەستپێکردنەوەی خوێندن بە ئۆنلاین دەکات.

ریاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، چەند راسپاردەیەک بۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەرزدەکەنەوە، لەپێناو رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئاماژەی بەوەشكرد، راسپاردەکان بریتین لە داخستنی هەندێک لە شوێنە گشتییەکان و دەسپێکردنەوەی خوێندن بە ئۆنلاینە، لە قوتابخانە و زانکۆکان و دامەزراندنی دوو تاقیگەی جینی دەگرێتەوە، تەنیا لە ئەگەری لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی دۆخەکە، قەدەغەی هاتووچۆی سنووردار دەسەپێنرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق، بەراورد بە چەند ھەفتەی رابردوو زیادیكردووە و لە راپۆرتی دوێنی وەزارەتی تەندروستی عێراقدا ئاماژە بەوەكراوە لە ماوەی 24 كاتژمێردا 1713 كەس تووشی كۆرۆنا بوونە و 6 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ھەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، تائێستا 630 ھەزار و 263 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و 13 ھەزار و 126 كەسیش بەھۆی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.