توركیا بڕی 21 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار لە یەدەگی نەختینەی بیانی لەدەستدەدات

مانگی رابردوو زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری لە كورتھێنانی بازرگانی تۆماركردووە
دۆلار و لیرەی توركی
دۆلار و لیرەی توركی

K24 – ھەولێر

لە ساڵێكدا توركیا بڕی 21 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار لە یەدەگی نەختینەی بیانی لەدەستدەدات.

بەگوێرەی نوێترین داتاكانی بانكی ناوەندی توركیا، لە ساڵی رابردوودا و لەگەڵ زیادبوونی فشارەكان لەسەر دراوی ناوخۆیی و ھەروەھا كەمی بەرچاوی دراوی بیانی، یەدەگی بانكی ناوەندی توركیا لە نەختینەی بیانیدا بەشێوەیەكی بەرچاو داكەوتنی بەخۆوە بینی، ھەرچی كورتھێنانی بازرگانییە مانگی رابردوو زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری تۆماركردووە.

داتاكان دەریدەخەن، لە كۆتاییەكانی مانگی رابردوو، یەدەگی نەختینەی بیانی لە توركیا بۆ نزیكەی 53 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار دابەزیوە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو كە ئەو كات 74 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بوو.

پێشبینی دەكرێت، توركیا لە ماوەی چەند مانگی داھاتوودا رووبەڕووی بەردەوامی قەیرانی دابینكردنی نەختینەی بیانی ببێتەوە، كە ئەوەش ھاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی سستبوونی كەرتی ھەناردە لەلایەك و كەرتی گەشتیاریش لەلایەكی دیكە كە بە دوو دیارترین كەرتەكان دادەنرێت بۆ دابینكردنی دۆلار لە ناوخۆدا.