وردەکاریی نوێ لەبارەی چۆنییەتی کوشتنی زانا ئێرانییەکە بڵاودەکرێتەوە

"ئەو چەکەی پێی کوژراوە، کێشی یەک تۆن بووە و دواتر تەقیوەتەوە"
موحسین فەخریزادە دیارترین زانای ئەتۆمیی ئێران بوو
موحسین فەخریزادە دیارترین زانای ئەتۆمیی ئێران بوو

K24 - هەولێر

رۆژنامەی (جویش کرۆنیکاڵ)ـی بەریتانی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند موحسین فەخریزادە، زانا ئەتۆمییە ناسراوەکەی ئێران کە لەنزیک تاران کوژرا، لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بە چەکێک کوژراوە، کێشی یەک تۆن بووە و بە قاچاغ بردراوەتە ئێران.

رۆژنامەکە لە سەرچاوەی هەواڵگرییەوە زانیاریی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە: 20 کارمەندی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی کە هاووڵاتیی ئیسرائیلی و ئێرانییان تێدا بووە، بۆسەیان بۆ فەخریزادە داناوە، پێش بەئامانجکردنیشی بۆ ماوەی هەشت مانگ چاودێرییان کردووە.

رۆژنامەکە، خۆی وەکو کۆنترین رۆژنامەی تایبەت بە جووەکان لە جیهان دەناسێنێت، باسی لەوە کردووە مۆساد چەکێکی ئۆتۆماتیکی بە قاچاغ گەیاندووەتە ئێران و لەوێ دروستیکردووەتەوە و لەنێو ئۆتۆمبێلێکی پیکئەب دایناوە، ئاماژە بەوەش دەدات "ئەو چەکە زۆر قورس بووە، بۆمبێکی تێدا بووە، کە دواتر تەقیوەتەوە و بەڵگەکانی لەنێوبردوون".

بەپێی جویش کرۆنیکاڵ، ئەو هێرشە تەنیا لەلایەن ئیسرائیل بەبێ دەستوەردانی ئەمەریکی ئەنجامدراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا پێشتر لێی ئاگادارکراونەتەوە.

موحسین فەخریزادە، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوە و تەکنەلۆجیای وەزارەتی بەرگریی ئێران، بە دیارترین زانای بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەناسرا، لە 27ـی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەرـی 2020 لەنزیک تاران کوژرا، ئێران لەدوای کوژرانی رایگەیاند "ئەمە کارێکی تیرۆرکردنی تیرۆریستییە" و، پەیمانی تۆڵەکردنەوەی دا، ئەمەریکا و ئیسرائیلیشی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.

 

هـ.ر.