سه‌رۆك بارزانی: پێویسته‌ رێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال وه‌ك خۆی جێبه‌جێبكرێت

داوا له‌ ئێزیدییه‌كان ده‌كات رێگە نەدەن دەنگی لابەلا و نامۆ زیان لە یەكگرتوویی و شوناس و ئایینی ئه‌وان بدات
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و حازم میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدیان
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و حازم میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدیان

K24- هه‌ولێر:

رۆژی پێنجشەممە 11ـی شوباتی 2021 لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزیدیان و ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزیدی كرد.

لە دیدارێكدا رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی خوشك و برا ئێزیدییەكان و رەوشی شنگال و تەحەددیاتی بەردەم ئاساییبوونەوەی ژیانی ئێزیدییەكان لە دەڤەری شنگال و، میر حازم بەگ و بابا شێخ عەلی و ئەندامانی ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزیدی سوپاسی سەرۆك بارزانییان كرد، كە هەردەم لەگەڵ ئێش و ئازاری ئێزییدییەكان بووە و، داوایان كرد، سەرۆك بارزانی هەموو تواناكانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ئێزیدییەكان بتوانن بە ئاسوودەیی بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان بگەڕێنەوە و كار بۆ ئەوە بكرێت، كە كۆسپ و ئاستەنگەكان نەمێنن و رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەمەڕ شنگالدا بە زوویی جێبەجێ بكرێت. شاندی میوان داوای ئەوەشیان كرد كە ئێزیدییەكان لە دامەزراوەكانی هەرێمدا پشك و رۆڵی خۆیان هەبێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە هەمیشە پاڵپشتی داواكاریی خوشك و برایانی ئێزیدی بووە و هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە پشت و پەنای ئێزیدییەكان بوونە و، لە شەڕی داعشدا بۆ ئازادكردنی دەڤەری شنگال، پێشمەرگە 500 شەهیدی داوە. سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی، رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێ و، داواشی كرد، ئێزیدییەكان یەكڕیزیی ناوخۆیان بپارێزن و رێگە نەدەن دەنگی لابەلا و نامۆ زیان لە یەكگرتوویی و شوناس و ئایینی ئێزیدییەكان بدات و دەبێ ئێزیدییەكان مكوڕ بن لەسەر ماف و داوا رەواكانی خۆیان.

H.B

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و حازم میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدیان و جڤاتی رۆحانی ئێزیدی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و حازم میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدیان و جڤاتی رۆحانی ئێزیدی