ئه‌نقه‌ره: سێ سه‌ربازی سوپای توركیا كوژران
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا، رایگه‌یاند، له چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی "چنگی هه‌ڵۆی 2" سێ سه‌ربازی سوپای توركیا له ناوچه‌كانی "باكووری عێراق" كوژران.
وه‌زاره‌ته‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا، روونیكردووه‌ته‌وه، رۆژی چوارشه‌ممه (10ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021) له ئاكامی پێكدادانێكی سه‌ربازیدا له ناوچه‌ی "گارا" له "باكووری عێراق" دوو سه‌رباز كوژران و ئه‌مڕۆش به هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه سه‌ربازێكی دیكه گیانی سپارد.
سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی له دژی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان، له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه.
ئه‌و پارته چه‌كدارییه كوردییه، خراوه‌ته لیستی "تیرۆر"ی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپاوه و ماوه‌ی نزیكه‌ی چل ساڵه له شه‌ڕی چه‌كداریدایه له‌گه‌ڵ سوپای توركیا.
عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، كه له (15ی شوبات/ فێبرایه‌ری 1999)ه‌وه له لایه‌ن توركیاوه ده‌ستگیركراوه، له (1979) پارتی كرێكارانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیای چه‌پگه‌را دامه‌زراندووه و له (15ی ئاب/ ئۆگستی 1984)ـه‌وه شه‌ڕی چه‌كداری له دژی سوپای توركیا راگه‌یاندووه.
به گوێره‌ی ئاماره نافه‌رمییه‌كان، له ماوه‌ی نزیكه‌ی (40) ساڵ شه‌ڕوپێكدادانی نێوان هه‌ردوولادا زیاتر له (35) هه‌زار كه‌س كوژراوون.
پارتی كرێكاران له سنووری خاكی توركیا كشاوه‌ته‌وه و له ناوچه شاخاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنكه و باره‌گای چه‌كداری داناوه.
له مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا توركیا له‌شكركێشی ده‌ستپێكردووه بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی ئه‌و پارته چه‌كدارییه له سنووری ناوچه شاخاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چه‌ند بۆنه‌ی جیاوازدا داوای له هه‌ردوولایه‌نی ناكۆك كردووه، شه‌ڕ و گێچه‌ڵی چه‌كداریان له سنووری هه‌رێمی كوردستان دووبخه‌نه‌وه و داواشی له پارتی كرێكارانی كوردستان كردووه، خاكی هه‌رێم به‌جێبهێڵێت و بگه‌ڕێته‌وه بۆ جوگرافیای خۆی.
پارتی كرێكارانی كوردستان، تا ئێستا ره‌تیكردووه‌ته‌وه، خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌جێبهێڵێت و له به‌رامبه‌ریشدا توركیا شه‌ڕی چه‌كدارانی ئه‌و هێزه‌ی هێناوه‌ته ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
وه‌رگێڕان: ئ.ڕ