پرۆگرامی خۆراکی جیهانی: لە سووریا 12 ملیۆن و 400 هەزار کەس ئاسایشی خۆراکیان لە مەترسیدایە

لەسەدا 60ی دانیشتوانی سووریا ئاسایشی خۆراکیان مسۆگەر نیە
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، لەبارەی رەوشی خراپی سوریاوە هۆشداری دا
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، لەبارەی رەوشی خراپی سوریاوە هۆشداری دا

K24 – ھەولێر:

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، لەبارەی رەوشی خراپی سووریاوە هۆشداری دا و رایگەیاند،  12 ملیۆن و 400 هەزار کەس ئاسایشی خۆراکیان لە مەترسیدایە و بەئەستەم ژەمە خۆراكی رۆژانەیان بەدەست دەکەوێت.

جێسیکا لۆوسەن گوتەبێژی "دەبلیو ئێف پی" رایگەیاند: بەگوێرەی داتا و ئامارەکانیان، کە بۆ ساڵی 2020 ئەنجامیانداوە، لەسەدا 60ی دانیشتوانی سووریا ئاسایشی خۆراکیان مسۆگەر نیە.

بە بەراورد بە ساڵی 2019 رێژەی برسیەتی زۆر زیادیکردووە. ساڵی 2019 نۆ ملیۆن و 300 هەزار کەس لە دانیشتوانی سووریا کێشەی نەبوونی خۆراکیان هەبووە، بەڵام بۆ ساڵی 2020 ئەو ژمارەیە بۆ 12 ملیۆن و 400 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

جێسیکا گوتی: دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و زیاتر لە نیوەی خێزانەکان رۆژانە دەستیان ناگاتە خۆراک.

جیا لەوەش بەهۆی شەڕی 10 ساڵەوە ئێستا نرخی خۆراک لە سووریا بە بەراورد بە پێنج ساڵ پێش شەڕ 33 هێندە زیادیکردووە.

بەهۆی شەڕی 10 ساڵەی سووریاوە زیاتر لە 380 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.