له مۆسكۆ شێوەکارێکی کورد پلەی یەکەمی فێستیڤاڵێكی نێودهوڵهتی بەدەستھێنا
K24 – مۆسكۆ:
لە رۆژانی (9 – 14ـی شوبات/ فێبرایهری 2021) لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی " ABSTRACTUM - Abstraction Festival " بەڕێوەچوو و تێیدا شێوهكارێكی كورد پلهی یهكهمی فێستیڤاڵهكهی بهدهستهێنا.
پێشانگاکە سەکۆیەکی بەرفراوانە، کە نەک تەنیا شێوەکارانی روسیا و وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو، بەڵکو ھونەرمەندانی وڵاتانی بیانیش یەکدەخات، هەر کەس لەپێشبڕکێکەدا دەیتوانی کارەکانی خۆی لەسەر شێوازی تابلۆی ئەبستراکت پێشکەش بەشارەزایانی ئاستی نێودەوڵەتی بکات. لەم فێستیڤاڵەدا شێوەکاری لاوی کورد نۆڕیک موسۆیان بە چوار تابلۆ، بەشداری کرد، كه بریتیی بوون له (تابلۆی ژیری کورد، تابلۆی رۆحی کورد، باخچە، توخمی ئاو) .
لەلایەن لیژنەی ھەڵسەنگاندنی بەرھەمەکانی فێستیڤاڵەوە، تابلۆی "ژیری کورد" کە پیاوێکی بەتەمەنی کوردە، بەجامەنە و جلە نەتەوەییەکانییەوە، پلە و خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵەکەی بەدەست ھێنا.
نۆریک موسۆیان تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: دەکرێت کارەکانی بدریتە پاڵ نیۆ- ئێکسپرێسرۆنیزم، چونکە وێنە و فیگەرو شێوازی زیندوو و هەستبزوێنی ئامێزان بە ڕەنگی بریقەدار و گەش نەخشکردووە.
موسۆیان وتیشی: له دوو تابلۆی خۆیدا، ژیان و زەحمەتیەکانی پیاوێکی کوردی رەنجدەری وێنەکردووە، کە پێدەچێت لە دونیای مۆدێرندا بە دوای دادپەروەریدا عەوداڵ بێت.
نۆریک دەڵێت: لە تابلۆکانیدا هەوڵیداوە لە رێگەی وێنەوە، دونیای ناوەوەی پیاوی کورد نیشان بدات، بۆ نموونە لە تابلۆی "رۆحی کورد"-دا دەخوازێت جوانی گەلی کورد بە گەلانی تر نیشان بدات، چونکە لێرە زۆر کەس ئاشنایەتی سەرەتایشیان لەگەڵ گەلی کورد دا نییە.
لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی " ABSTRACTTUM - Festival of Abstraction " تابلۆکانی بە سیمایەکی کوردانەوە شوێنی یەکەم و دووەمیان گرت. شێوەکاری کورد نۆڕیک موسۆیان، بەم خەلاتە "دڵخۆشە و سەرکەوتنەکەی پێشکەشی گەلەکەی دەکات".