مەسرور بارزانی: کۆچی دوایی د. رۆژ لە ناخەوە زۆر خەمباری کردم

"پرسە و سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە خۆمان و بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری خوالێخۆشبوو د. رۆژ دەکەم"
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆچكردوو د. رۆژ نووری شاوه‌یس
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆچكردوو د. رۆژ نووری شاوه‌یس

K24- هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی د. رۆژ نووری شاوەیس پەیامێکی بڵاوکردەوە.

سەرۆکی حکومەت له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بۆ کۆچی دوایی د. رۆژ، رایده‌گه‌یه‌نێت، هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتکار و پێشمەرگەی ئازا و فەرماندەی بە توانا و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی (د. رۆژ نووری شاوەیس) لە ناخەوە زۆر خەمباری کردم.

مەسرور بارزانی لە به‌شێكی پەیامەکەیدا دەڵێت: "د. رۆژ و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی، رۆڵێکی دیار و گرنگییان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەیە و بە کۆچی دوایی د. رۆژیش، گەلی کوردستان تێکۆشەرێکی گەورە و سیاسەتکارێکی بە ئەزموونی لە دەستدا".

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بە خەمگینی و ماتەمینیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتکار و پێشمەرگەی ئازا و فەرماندەی بە توانا و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، (د. رۆژ نووری شاوەیس)م پێگه‌یشت و لە ناخەوە زۆر خەمباری کردم.

د.ڕۆژ و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی، رۆڵێکی دیار و گرنگییان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەیە و بە کۆچی دوایی د. رۆژیش، گەلی کوردستان تێکۆشەرێکی گەورە و سیاسەتکارێکی بە ئەزموونی لە دەستدا کە لە هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە گرنگانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیبووە، هەمیشە داکۆکیکارێکی بەهێزی مافەکانی خەڵکی کوردستان بوو و نموونەی وەفاداری بوو.  

بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە خۆمان و بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری خوالێخۆشبوو د. رۆژ دەکەم.

خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامیی و دڵنەواییش بە هەموومان ببەخشێت.

خەبات و تێکۆشانی د. رۆژ، هەمیشە لە یادماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/2/15