حزبی دەعوە: ئەو شاندەی سەردانی کوردستانی کرد نوێنەرایەتی حکوومەت دەکات

رەتیدەکاتەوە شاندەکە لە لایەن نووری مالیکییەوە نێردرابێ

K24-هەولێر

حزبی دەعەوەی ئیسلامیی دەسەڵاتدار لە عێراق کە نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوو سەرۆکایەتی دەکات رەتیکردەوە ئەو شاندەی کە چەند رۆژی رابردوو سەردانی سلێمانی کرد بە نوێنەرایەتی حزبەکە هاتبێ و رایگەیاند ئەو شاندەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد نوێنەرایەتی حکوومەت دەکات.

حزبی دەعوە لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە گوتی: "حزبی دەعوەی ئیسلامیی دڵنیایی دەداتە رۆڵەکانی گەلی عێراق و هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان و گردبوونەوە جەماوەرییەکان کە ئەو شاندەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە پەرلەمانتاران عەلی ئەلعەللاق و عامر ئەلخوزاعی پێکهاتبوو لە لایەن هیچ لایەنێکی سەر بە حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە رەوانە نەکراوە".

حزبەکەی نووری مالیکی دەشڵێ: "شاندەکە هیچ ئەرکێکی تایبەت بە حکوومەتی کوردستان و هیچ لایەنێکی کوردیی پێنەسپێدراوە". ئاماژەش دەکات: "شاندەکە تایبەت لە لایەن سەرۆک وەزیران حەیدەر عەبادی و بە ئەرکێکی حکوومیی ناپەیوەندیدار بە حزبی دەعوە و نووسینگەکانی رەوانە کراوە".

ئەمە لە کاتێکدایە شاندێک کە لە هەردوو پەرلەمانتار و سەرکردەی نێو حزبی دەعوەی ئیسلامیی عەلی ئەلعەللاق و عامر ئەلخوزاعی چەند بەرپرسێکی دیکەی حزبی دەعەوە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەردانی شاری سلێمانیان کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی ئەو قەیرانەی لە پەرلەمانی عێراق سەریهەڵداوە.

بڕیاریش بوو شاندەکەی سەرکردەکانی حزبی دەعوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا کۆببنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی رۆژی شەممە 30/4/2016 خۆپێشاندەران کە دەگوترێ بەشی هەرە زۆریان لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەبن لە بەغدا هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا و بۆ ماوەیەک داگیریان کرد.

هاوکات خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر چەند پەرلەمانتارێکی عێراقیی و ئەشکەنجەیان دان و دوابەدوای رووداوەکە حکوومەتی عێراق باری لەناکاوی لە بەغدا راگەیاند.

ئەم پێشهاتانە هاوکات بوون لەگەڵ بەردەوامبوونی نەرەزایەتییەکانی خۆپێشاندەران لە بەغدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لە عێراق دوور لە بەشبەشینەی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبیی.

پەرلەمانی عێراق پێش ئەم رووداوانە لە دانیشتنێکدا متمانەی بەخشییە بەشێکی کاندیدانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکانی نێو حکوومەتە نوێیەکەی عەبادیی، بەڵام رووداوەکان رێگربوون لە پێش پێدانی متمانە بە تەواوی کاندیدەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئا: ئا ، ف