شاندی باڵای دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هادی عامری له‌ به‌غدا كۆبووه‌وه‌

جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ داراییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كرایه‌وه‌
كۆبوونه‌وه‌ی شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هادی عامری له‌ به‌غدا، فۆتۆ: ئەژی عومەر
كۆبوونه‌وه‌ی شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هادی عامری له‌ به‌غدا، فۆتۆ: ئەژی عومەر

K24- هه‌ولێر:

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شاندی باڵای دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح كۆبووه‌وه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ داراییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كرایه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران و شاندی یاوە‌ری، لەگەڵ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانێتی فەتح كۆبوونەوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتە سیاسییە‌كانی عێراقیان خرانه‌ بەرباس، جه‌خت لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتییانە‌ بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق كرایه‌‌وه‌، ھە‌روەھا باس لە‌پرسی بودجە‌ی 2021 كرا.

وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه‌، ھە‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون، كە‌ پێویستە‌ لە‌سە‌ر بنەمای دەستوور و یاسا بەركارەكان ئە‌م پرسە‌ چارە‌سە‌ر بكرێت، بەجۆرێك مافی ھە‌مووان پارێزراو بێت.

دوێنێ شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی درێژەدان بە گفتوگۆكان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكانی عێراق گەیشتە بەغدا.

H.B