یاریزانانی زاخۆ بایکۆتی راهێنانەکانی یانەکەیان دەکەن

48 كاتژمێر مۆڵەتیان داوەتە یانەكەیان
یاریزانانی زاخۆلە كاتی راھێنان - بەغدا
یاریزانانی زاخۆلە كاتی راھێنان - بەغدا

K24 - ھەولێر

یاریزانانی یانەی زاخۆ بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان بڕیاریان داوە بایکۆتی راهێنانەکانی یانەکەیان بکەن و بۆ یاریی داهاتووی یانەکەشیان ئامادە نەبن.

شڤان عەبدی، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ لە لێدوانێكدا بە کوردستان24ی راگەیاند، یاریزانانی یانەی زاخۆ دوای ئەنجامدانی راهێنانەکانی ئەمڕۆ بە دەستەی کارگێڕی یانەکەیان راگەیاندووە ئامادە نین بگەڕێنەوە راهێنانەکانی یانەکەیان بۆ یاریی داهاتووشیان بەرامبەر کەرخ ئامادە نابن، کە لە یەکەم گەڕی قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراق وابڕیارە زاخۆ لە بەغدا ببێتە میوانی کەرخ.

یاریزانانی زاخۆ ئێستا لە بەغدان و خۆیان بۆ قۆناخی دووەم ئامادە دەکەن، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەی مانگی رابردوویان بڕیاریان داوە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو ئەگەر شایستە داراییەکانیان وەرنەگرن ئەوا دەگەڕێنەوە زاخۆ و بایکۆتی راهێنانەکانی یانەکەیان دەکەن.

ئەمە لە كاتێكدایە یانەی زاخۆ بە كۆكردنەوەی 29 خاڵ لە پلەی شەشەمی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق دێت، بەھۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش تائێستا وادەی دەستپێكردنەوەی قۆناغی دووەمی خولەكە دیار نییە.