مەزارگەکانی شیعە لە نەجەف دادەخرێن
K24 - ھەولێر
بەهۆی هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا، سەرجەم مەزارگەکانی شیعە لە نەجەف داخران و دەوامی فەرمانگەکانیش بۆ نیوە کەمکرایەوە.
لوئەی یاسری، پارێزگاری نەجەف و سەرۆکی شانەی قەیران لە پارێزگاکە رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا، سەرجەم مەزارگەکان داخران و دەوامی فەرمانگەکانیش بۆ نیوە کەمکرایەوە.
هەروەها بڕیاردرا، تاوەکو 1ی ئادار، دانانی پرسە لە مزگەوت و حوسەینییەکان قەدەغە بکرێت و سەرجەم، قوتابخانە و زانکۆ ئەهلی و حکومییەکانیش دابخرێن.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق لە 24 كاتژمێردا 446 كەس لە پارێزگای نەجەف تووشی كۆرۆنا بوونە. ژمارەی كۆی گشتی تووشبووانیش لەو ماوەیەدا 3 ھەزار 332 كەس بووە و 7 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی بڕیاری حكومەتی عێراق، تاوەکو رۆژانی هەیینی، شەممە و یەکشەممەی داھاتوو، قەدەغەی هاتووچۆی تەواو پەیڕەو دەکرێت.