لەبارەی دەنگۆی قەدەغەی ھاتووچۆ وەزارەتی تەندروستی روونكردنەوە دەدات
K24 – ھەولێر
لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستان لەلایەن ھەندێك ماڵپەڕ و پەیجەوە، وەزارەتی تەندروستی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئێستا ھیچ بڕیارێكی لەو جۆرە لە ئارادا نییە، ھەر كاتێك ھەبێت بە فەرمی رایدەگەیەنن.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە روونكردنەوەیەكدا نووسیویەتی: "چەند پەیج و سایتێکی میدیایی بەناوی وەزیری تەندروستی هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە گوایە قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەنرێت. لێرەوە بۆ هاووڵاتییان و رای گشتی رووندەکەینەوە کە لێدوانی لەو جۆرە نەبووە و لە باری ئێستادا هیچ بڕیارێکی قەدەغەی هاتووچۆ نییە".
د. ئاسۆ حەوێزی، راشیگەیاند: "هەر رێكارێك یان بڕیارێک هەبێت بە فەرمی رادەگەیەنرێت، لە لایەن وتەبێژی وەزارەت و لە پەیجی فەرمی بڵاودەکرێتەوە".
ئەم دەنگۆیە لەكاتێكدایە كە بەھۆی ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان لە زۆربەی شارەكانی عێراق قەدەغەی ھاتووچۆ راگەیەندراوە، بەڵام بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی، ئێستا لە ھەرێمی كوردستان ژمارەی تووشبووان و دۆخەكە نەگەیشتووەتە ئەو رادەیە.