"بۆچی نوێنەرانی کورد لەنێو پەرلەمانی عێراق بە زمانی کوردی قسە ناکەن؟"

د. عومەر پەتی: لەبیرمە لە حەفتاکاندا ئەدەبی کوردی لە خوارووی عێراق تاوەکو بەسرەش لە ئامادەییەکان دەخوێنرا
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

هەرچەندە زمانی کوردی، زمانێکی فەرمییە لە عێراق، بەڵام نابینرێت، یان زۆر بەکەمی دەبینرێت نوێنەرانی کورد لەنێو کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق بە کوردی قسەبکەن.

عومەر، مامۆستای زانکۆیە و ساڵانێکی زۆرە لە بواری لێکۆڵینەوە و زمان کار دەکات، ئەوەندە زمانە کوردییەکەی پەتی و روون و رەوانە، بە دکتۆر عومەر پەتی ناودەبرێت د. عومەر پەتی قسە بۆ کوردستان24 دەکات و پێی وایە، عێراق نایەوێت وەک پێویست پەرە بە زمانی کوردی بدرێت، بەڵام دەڵێ "خەتای خۆشمانی تێدایە".

د. عومەر پەتی، مامۆستای زانکۆ باس لەوە دەکات "یاسا بەهێزییەکەی لە جێبەجێکردنیدایە، زۆر یاسا لە کوردستان و عێراق دەرچوون، بەڵام یاسا کە جێبەجێ نەکرا، وەک ئەوە وایە نەبووبێت، بۆیە تکادەکەم لە خولەکانی داهاتوودا لەسەر ئاستی عێراق، زمانی کوردی دەبێت وەکو زمان بخوێنرێت، لەبیرمە لە حەفتاکاندا ئەدەبی کوردی لە خوارووی عێراق تاوەکو بەسرەش لە ئامادەییەکانیش دەخوێنرا، بەڵام ئێستا بەداخەوە لەبەر نەبوونی دڵسۆزیی مامۆستایانی کوردی، بەداخەوە کەمتەرخەمییەکە لە خۆشمانە، ناتوانم بڵێم کەمتەرخەمییەکە تەنیا لە حکومەتی ناوەندە، بەڵکو ئێمەش دەبێت بەرنامە و پلانمان هەبێت بۆ پیادەکردنی زمانی کوردی".

زمانی کوردی بەگوێرەی ماددەی چواری دەستووری عێراق و، یاسای ژمارە حەوتی ساڵی 2014ـی زمانە فەرمییەکان لە عێراق، ھاوشانی زمانی عەرەبی، زمانی فەرمییە و دەبێت لە سەرجەم فەرمانگە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق کاری پێبکرێت، ھەر لە سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان، تەنانەت وەزیر و پەرلەمانتاری کورد بۆیان ھەیە بە زمانی دایک قسە بکەن، بەڵام ئەم مافە، کە دەستورییە بە بیانووی جیاجیا پێشێل دەکرێت.

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، تائێستا بە بیانووی تەکنیکی و نەبوونی وەرگێڕی زمان، لە پەرلەمانی عێراقدا رێگربوون لە قسەکردنی ئەندامانی کورد بە زمانی دایك.

محەمەدئەمین فارس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێ "زمانی کوردی لەسەر نووسراوەکاندا هەیە، بەڵام وەکو پێویست نییە و لەناو پەرلەمانیشدا لە گفتوگۆکان و لە موداخەلەکاندا بەشێوەیەکی فەرمی نییە، لەناو پەرلەمان و دامودەزگا و وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی وەکو پێویست بەکارنایەت، ئەوەی کە هەیە، لەنێو لیژنەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا کاری پێدەکرێت، بەڵام لەناو پەرلەمان وەکو پێویست نییە هەرچەندە چەندین جار داواکراوە".

یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایك، لە 21ـی شوباتی هەموو ساڵێكدا دەكرێتەوە، ئەوەش وەك پارێزگارییەك بۆ هەموو زمانەكانی جیهان چونکە زمان زۆر زیاترە لەتەنیا رێگەیەك بۆ پەیوەندیكردن، بەتایبەتی زمانی دایك، كە بریتییە لە بەشێكی گرنگی كولتوور، بەجۆرێک دەگوترێت "زمان، دەتوانێت تەنانەت دیدمان بۆ بینینی جیهان بگۆڕێت".

 

هـ.ر.