عێراق کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی پێشوەختە دەکات

کاتێک ئەو بڕیارەیاندا ترسیان لە نرخی نەوت ھەبوو
كێڵگەیەكی نەوتی لە ناسریە - فۆتۆ:AFP
كێڵگەیەكی نەوتی لە ناسریە - فۆتۆ:AFP

K24 - ھەولێر

وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای كرد، کار دەکەن بۆ ئەوەی گرێبەستی نەوتی پێشوەختە هەڵپەسێرن، کە بە هۆی داڕمانی بازاڕی وزەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵدەدا نەوتەکەی پێشوەختە بفرۆشێت.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە دەستپێکی ساڵی دارایی و سەقامگیربوونی ئابووری بەهۆی سەقامگیری بازاڕی نەوت، بڕیاریان داوە هەوڵی فرۆشتنی نەوتی پێشوەختە هەڵپەسرن و تاوەکو ئێستاش نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە هەمانکاتدا هەوڵی هەڵوەشانەوەی دەدەن.

وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، کاتێک بۆ یەکەمجار ئەو بڕیارەیاندا، ترس هەبوو نرخی نەوت بۆ سەرووی 40 دۆلار بەرزنەبێتەوە، بەڵام ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەرووی 60 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، کۆمپانیای شێنهوا ئۆیل بۆ بازرگانی نەوتی چین، وەک دیارترین کۆمپانیا لە فرۆشی ئاشکرای نەوتی عێراق بە دیارکەوت و گرێبەستی کڕینی نەوتی پێشوەختەی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ بردەوە.

هاوکات عێراق ئەندامی رێکخراوی ئۆپێکە و دووەم هەناردەکاری رێکخراوەکەیە، کاری دەکرد بۆ ئەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە مانگی کانوونی دووەمەوە تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی 2025 نەوتی خاوی بەسڕە پێش وەختە بە چین بفرۆشێت.

هەردوو لایەن لەسەر ئەوە رێککەوتن، کۆمپانیای براوە، بە بڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار 48 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراق لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی 2022 نەوتی خاوی بەسرە بکڕێت.