کلۆپ ساڵێکی شووم بەڕێدەکات

یۆرگێن کلۆپ، بەرێوەبەری هونەری یانەی لیڤەرپوول
یۆرگێن کلۆپ، بەرێوەبەری هونەری یانەی لیڤەرپوول

 

K24-هەولێر

ئەم وەرزە بە تایبەت ئەم دواییە نەهامەتی گەورە رووی لە یانەی لیڤەرپوول کردووە، نەهامەتیەکانی نە تەنها لە ناو یاریگاکان، بەڵام لە دەرەوەی لاکێشەکەش بەرۆکی راهێنەر و یاریزانانی ئەو یانەیەی گرتووە.

ئەم وەرزە لیڤەرپوول و یۆرگێن کلۆپ بە هۆی زۆری پێکانەکانی یاریزانەکانیان، هیچ نیشانەیەکی پاڵەوان بوونیان پێوە نەماوە، هەر لە سەرەتای ئەم وەرزەوە یەکێک لە چەکە هەر بەهێزەکانی ئەو یانەیە، واتە ڤێرجیل ڤان دایک لە یارییەکەی بەرامبەر ئێڤەرتۆن تووشی پێکانێکی قورس بوو و ئەم وەرزەی بە تەواوەتی لە دەست چوو، بەرێوەبەری هونەری رێدز هەرچەندە دڵی بەوە خۆش بوو یاریزانەکانی دیکە ببنە شوێنگرەوەی، بەڵام سەبر سەبر هەموو ئەو هیوایەکانیش پێکان بەرۆکیان گرتن و دەستی ئەویان بەتاڵ کرد. دوو هەفتە لەمەوبەر بوو کاتێک هەواڵی مردنی دایکی پێگەیشت، بەڵام ئەو زۆر لەسەرخۆ مامەلەی لەگەڵ دۆخەکەی کرد، لە پێناو ئەوەی یاریزانەکانی زیاتر هەست بە بێ ئومێدی نەکەن، بەڵام تاوەکو لە کۆتایی وەرز نزیک دەبنەوە، نەهامەتیەکانیش هەر بەردەوامن.

سەرەتای ئەم هەفتەیە بوو، کاتێک تیمی پزیشکی رێدز پەیوەندیان بە بەرێوەبەری هونەری یانەکەیانەوە کرد و هەواڵێکی دیکەی چاوەڕوان نەکراویان پێگەیاند، ئەویش پێکان جۆردەن هێندرسۆن سەرکردەی تیپەکەی بوو، هەرچەندە سەرەتا پێشبینی دەکرا پێکانەکەی ئەوەندە قورس نەبێت، بەڵام دواجار کۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی یاریزانەکەشی پێگەیشت.

ئێستاش نەهامەتیەکان هەر بەردەوامن، شەوی رابردوو هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی باوکی ئالیسۆن بێکەر گۆڵپارێز لیڤەرپوول بووە سەردێری مانشێتی رۆژنامەکانی جیهان و هاندەرانی ئەو یانەیە لە دەرەوەی یاریگاکان چاویان لەوەیە کە ئەم هەموو نەهامەتیە کۆتاییان بێت.