كۆشكی سپی: هێرشه‌كانمان بۆ سه‌ر میلیشیاكان په‌یامێكه بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه له سه‌لاماتی سه‌ربازه‌كانمان ده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
کۆشکی سپی رایگەیاند: هێرشەکانی سەر میلیشیاکانی سەربە ئێران پەیامێکی روونە لە سەرۆك بایدنەوە بو ئەوانەی هەڕەشە لە سەلامەتی سەربازانی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانەکانمان دەکەن.
جێن ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: هێرشەکانمان پەیامێکی روونە و سەرۆکی ئەمه‌ریکا پارێزگاری له ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كات کاتێك دەکەونە بەر هه‌ر هەڕەشەیه‌ك. جه‌ختیشیكرده‌وه، سەرۆك بایدن مافی وەڵامدانەوەی هەیە لەهه‌ر کات و شوێنێك کە پێی گونجاوە.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن" رایگه‌یاند، فڕۆكە جەنگییه‌كانیان چەندین ھێرشیان كردووەتە سەر میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە رۆژھەڵاتی سووریا، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ھێرشی میلیشیاكان بۆ سەر كارمەندانی ئەمەریكی لە عێراق.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا گوتیشی: ئەو بۆردومانانە چەندین دەزگا و پێگەی میلیشیاكانی لە نزیك خاڵێكی سنووری وێران كردووە، كە گرووپە توندڕەوەكانی سەر بە ئێران بەكاریان دەھێنا.
ئاژانسی رۆیتەرز دوێنی پێنجشەممە، لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریكی گواستییەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان گورزێكی ئاسمانییان دژ بە پێكھاتەی گرووپێكی سەر بە ئێران لە سووریا ئەنجامداوە.
ئەو گورزە سه‌ربازییە دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك ھێرشی مووشەكی ھات بۆ سەر ئامانجەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە لایەن میلیشیاكان سەر بە ئێرانه‌وه.
H.B