دوای حەوت ساڵ كوردستان دەبێتەوە خاوەن یاسای بودجە
K24- هه‌ولێر:
وەزیری پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی (2021)ی هه‌رێمى كوردستان تەواو بووە، کۆتايی ئەم ھەفتەیە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی دەکات و دەینێرێتە پەرلەمان، تا کۆتايی مانگی ئادار، پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانيش رێکارەکانی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە ئاشکرا دەکات.
ئامادەکارییەکان بۆ پرۆژە یاسای بودجەی (2021)ی ھەرێمی کوردستان لە دوا قۆناغەکانیدایە، ئەم ھەفتەیە لە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەردەکرێت و پەسەند دەکرێت و دواتر دەنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان، دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، تا کۆتايی مانگی ئادار، پڕۆژەکە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکرێت.
دوای حەوت ساڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یاسای بودجە، پەرلەمان چاوەرێ دەکات لەم نزیکانە پڕۆژەکە بگاتە دەستیان، کاری له پێشنه‌ی ئەم خولەش بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەبێت، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان رێکارەکانی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە ئاشکرا دەکات.
ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "دوای ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته په‌رله‌مان، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌موو لیژنه‌كان راده‌سپێرێت، تا راپۆرتی خۆیان له‌سه‌ر بودجه‌كه ئاماده بكه‌ن، راپۆرتی سه‌رجه‌م لیژنه‌كانیش له‌لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه پوخت ده‌كرێته‌وه و پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كرێت و دانیشتنی له‌سه‌ر ده‌كرێت، كاره‌كه‌ش زیاتر ته‌كنیكییه".
بۆ یەکەم جار جگە لە داھاتی نانەوتی، داھاته نەوتییەکانیش لە پڕۆژەیاساى بودجە جێگیر دەکرێن، بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاساكه‌ش حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرچاوی لەبارەی خەرجییەکان و داھاتەکانی روون دەبێت، ئەمەش لە چوارچێوەی کارنامەى کابینەی نۆیەم دەبێت، کە به‌هێزترين خاڵى شەفافيه‌ته.
د.ی