ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاوی ئێرانیش تۆماركرا

ڤایرۆسه‌كه‌ لەناوخۆی ئێران گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە
كۆرۆنای ئێرانیش تۆمار كرا
كۆرۆنای ئێرانیش تۆمار كرا

K24 - هه‌ولێر:

دوای ڤایرۆسی (كۆڤید 19) و كۆرۆنای گۆڕاو، ئێستا لە ئێران ڤایرۆسی كۆرۆنای ئێرانیش تۆماركراوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە ھۆشداری دەدەن و رایانگه‌یاند، ئەو ڤایرۆسەی لە شاری قەزوێن تۆماركراوە، لەھیچ شوێنێكی دیكەوە نەھاتووە و لەناوخۆی ئێران گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە، سەرۆك كۆماری ئێرانیش گوتی: "ھاتووچۆ بۆ ھەندێك پارێزگا قەدەغە دەكەن و رێوڕەسمەكانی نەورۆزیش بەرێوەناچن".

جگە لە كۆرۆنای نوێ و ڤایرۆسی گۆڕاوی كۆرۆنا، ئێستا كۆرۆنای ئێرانیش تۆماركراوە و بەرپرسانی تەندروستی ئه‌و وڵاته‌ لە بەرزترین ئاستدا ھۆشداری لە تەشەنەكردنی كۆرۆنای ئێرانی دەدەن.

قازیزادە ھاشمی، ئەندامی ناوەندی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا له‌ ئێران رایگەیاند، لە ھەندێك ناوچەی ئەو وڵاتە و بەتایبەت لە شاری قەزوێن، جۆرێك ڤایرۆسی كۆرۆنایان تۆماركردووه‌، كە لەھیچ شوێنێكەوە نەھاتووە و لەناوخۆی ئێراندا گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە، "ھاشمی" روونیكرده‌وه‌، لە ئێستاوە دەبێت خۆیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای ئێرانیش ئامادە بكەن.

ھاوكات لەگەڵ كۆرۆنای ئێرانی، ژمارەی قوربانیانی كۆرۆناكانی دیكەش لە ئێران بەرزبووەتەوە، ملیۆنێك و (620) ھەزار كەس تووشی "كۆڤید 19" بوونە و نزیكەی (60) ھەزار كەسیش بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە، لەیەك ھەفتەی رابردووشدا نزیكەی (40) تووشبووی ڤایرۆسی گۆڕاوی كۆرۆناش لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان تۆماركراوه‌ و (4) كەسیش گیانیان لەدەستداوە، كە زۆرترین تووشبوون لە شارەكانی قەزوێن و ئیلام تۆماركراوه‌، ئێستا ڤایرۆسی ئێرانیشی ھاتووەتەسەر، كە بەرپرسان نیگەرانییەكانیان لەو جۆرە ناوخۆییه‌ زیاترە.

حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێرانیش رایگەیاند، رێكارەكانی خۆپارێزی توندتر دەكەن و ھاتووچۆ بۆ ئەو پارێزگایانەی مەترسییان لەسەرە، قەدەغە دەكرێت، لە پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستانیش لە رۆژی شەممەوە رێگە بەھیچ ئۆتۆمبیلێكی پارێزگاكانی دیكە نادرێت، سەردانی ورمێ بكەن، ئەو رێكارانە لە ئیلامیش په‌یڕەو كراوە، وەزیری تەندروستی ئێرانیش لەئێستاوە داوا لە ھاووڵاتیان دەكات، كە خۆیان بۆ رێوڕەسم و گردبوونەوەكانی نەورۆز ئامادە نەكەن، چونكە ھاتووچۆ قەدەغە دەكرێت.

د.ی