تەندروستی ھەولێر: ئێستا ھەموو حاڵەتەكانی كۆرۆنا بە كۆرۆنای گۆڕاو تۆمار دەكرێت

"چەند منداڵێك وەك تووشبووی كۆرۆنای گۆڕاو تۆمار كراون"
نەخۆشخانەی رزگاری لە ھەولێر - ئەرشیف
نەخۆشخانەی رزگاری لە ھەولێر - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

وتەبێژی تەندروستی ھەولێر رایگەیاند، ئێستا ھەر كەسێك تووشی كۆرۆنا بێت بە كۆرۆنای گۆڕاو تۆماری دەكەن. ئاماژەی بەوەشكرد، لەنێو تووشبووانی كۆرۆنای گۆڕاو لە ھەولێر منداڵیش تۆمار كراون.

د. بژار مووسا، وتەبێژی تەندروستی ھەولێر لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباشی كوردستان24 رایگەیاند: "لە سەرەتادا لەكاتی تۆماركردنی ئامارەكانی كۆرۆنا، (كۆڤید 2019 ) و كۆرۆنای گۆڕاومان لێك جیا دەكردەوە، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، ھەر حاڵەتێك ھەبێت بە كۆرۆنای گۆڕاو تۆماری دەكەین".

گوتیشی: "چەند منداڵێكیش وەك تووشبووی كۆرۆنای گۆڕاو تۆمار كراون، بەڵام بە گشتی باری تەندروستی ھەموو تووشبووان باشە و لەژێر چارەسەردان".

وتەبێژی تەندروستی ھەولێر، ئاماژەی بەوەشكرد: "یەكێك لە جیاوازییەكانی كۆرۆنای گۆڕاو ئەوەیە كە خێراتر بڵاودەبێتەوە، ھەر ڤایرۆسێك كە بازدان تێیدا روودەدات گۆڕانكاری بەسەردا دێت".

لەلایەكی دیكە و سەبارەت بە رێكارە نوێیەكانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، نەبەز عەبدولـحەمید قایمقامی ناوەندی ھەولێر بۆ كوردستان24ی گوتی: "یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی رێكارەكان بەستنی ماسكە، دەسەڵات بە لایەنە پەیوەندیدارەكان دراوە ھەر ھاووڵاتییەك پابەند نەبێت بە بەستنی ماسك بە بڕی 20 ھەزار دینار سزا بدرێت، ھەروەھا خاڵێكی دیكە قەدەغەكردنی ھاتنی گرووپە گەشتیارەكانە لە شارەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان".

گوتیشی: "لەماوەی رابردوودا جۆرێك لە ساردی لە لەلایەن ھاووڵاتییانەوە بینرا، ئێستاش ئەگەر ھاووڵاتییان پابەند نەبن پێشبینی دەكرێت شەپۆلەكە بەرفراوان بێت، چونكە بەگوێرەی ئامارەكان ژمارەی تووشبووان زیادیكردووە".

قایمقامی ناوەندی ھەولێر ئاشكراشی كرد: "دوای راگەیاندنی رێكارە نوێیەكان 10 شوێنمان لە ھەولێر داخستووە كە سەرپێچیان كردووە و پابەند نەبوونە".