دەروازەیەكی دیكەی سنووری نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران بە فەرمی دەكرێتەوە

لە ھەردوولا رەزامەندی لەسەر دراوە
دەروازەی سەیرانبەند
دەروازەی سەیرانبەند

K24 - پێنجوێن

دەروازەی سەیرانبەند  بە فەرمی كرا، بڕیارە دەروازەكە ھەم بۆ كاروباری بازرگانی و ھەمیش بۆ ھاتووچۆی گەشتیاری سوودی لێوەربگیرێت. بە فەرمیكردنی دەروازەی سەیرانەند دوای ھەماھەنگی ھەردوو شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران ھات، كە بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی دەروازەكەیان كرد و لێكۆڵینەوەیان لە مەرجەكانی دەروازەكە كرد.

دوای زیاتر لە 20 ساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، دەروازەی سەیرانبەند بڕیاری لە نیمچە فەرمانی بۆ بوون بەفەرمی بۆ دەرکرا و بەمنزیکانە دەکرێتەوە.

رۆژی 28/2/2021 شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، دوای سەردانی مەیدانی دەروازەکە و لێکۆڵینەوە لە مەرجەکان، کۆبوونەوەکانیان گەشتووەتە قۆناغی کۆتایی بۆ ئەوەی دەروازەکە تەنھا بۆ کاری بازرگانی بەکارنەھێنرێ، بەڵکو گەشتیارانیش بتوانن بەئاسانی پێدا گوزەر بکەن.

چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر كردنەوەی دەروازەی سنووری سەیرانبەند دراوە، ئێمەش لای خۆمانەوە وەك حكومەتی ھەرێم، ھاتووین سەردانی دەروازەكە بكەین وەك ئامادەكاری بۆ بە فەرمی كردنەوەی، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا بێین لە رێوڕەسمێكی فەرمیدا ئەم دەروازەیە بكەینەوە و وەك مەرزێكی نێودەوڵەتی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و ھاتووچۆی گەشتیاران دەستپێبكات".

لەبارەی گرنگی كردنەوەی دەروازەكە بۆ ھاووڵاتییانی ھەردوولا، بەھمەن مورادنیا پارێزگای سنە گوتی: "بژێوی چەندین خێزانی لەسەر دەروازەی سەیرانبەندە، زیادبوونی ھاتووچۆ و جوڵە بازرگانیەکان لە بەرژەوەندی کاسبکاراندایە، ئەو خۆراک و سەوزە و میوانەی کە رۆژانە ھاوردە دەکرێن، بە پشکنینێکی توند تێدەپەرن، تا ھاووڵاتییان زیانیان پێنەگات".

بەگوێرەی ئامارەکان  رۆژانە زیاد لە 150 ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر، بە دەروازەی سەیرانبەند لە سنووری قەزای پێنجوین تێدەپەڕن و کاڵا ھاوردەی کوردستان دەکەن، بەفەرمی ناساندنی دەروازەکە ھێندەی دیكە قەبارەی بازرگانی زیاد دەکات.

مەرزی سەیرانبەند دەكەوێتە نێوان شارۆچكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی و شارۆچكەی بانەی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژھەڵای كوردستان.