زیاتر له‌ 85 مليار دينارى جوتيارانى دهۆك خه‌رجكرا

چه‌كه‌كه‌ وه‌رگیراوه‌ و له‌رێگه‌ی بانكه‌كانی پارێزگای دهۆكه‌وه‌ دابه‌ش ده‌كرێت
پاره‌ی جوتیارانی دهۆك ره‌وانه‌ ده‌كرێت
پاره‌ی جوتیارانی دهۆك ره‌وانه‌ ده‌كرێت

K24- دهۆك:

نازم محەمەد عەلی، بەڕێوبەری بەرێوبەراتی بازرگانی دانه‌وێڵه‌ لە پارێزگای دهۆك بە کوردستان24ی راگەیاند، حکومەتی عێراق بڕی 85 ملیار و 395 ملیۆن دینار، پارەی گەنمی جوتیارانی پارێزگاکە خەرجکردووە و بو ئەو مەبەستەش سەردانی بەغدایان کردووە، چه‌كه‌کەیان وەرگرتووە و چاوەرێ ده‌كه‌ن پاره‌كه‌ رەوانەی بانکەکانی دهۆك بكرێت.

هەروەها راشیگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەدا پارەکە دەگاتە بانکەکانی دهۆك و لەکاتی گەیشتنی دەستبەجێ بەسەر جوتیاران دا دابەشدەکرێت.

بەڕێوبەری دانه‌وێڵه‌ی دهۆك راشیگەیاند، پارەکە هی ساڵەکانی 2014، 2015 و 2016ـه‌ و هی جوتیارانی هەرسێ سایلۆی دهۆك، زاخۆ، شێخان و بنکەی رووڤیایە.

حکومەتی عێراق قه‌رزی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی لایه‌ و هێشتا پارەی گه‌نمی ساڵەکانی 2014، 2015 و 2016ـیان له‌لا ماوه‌ته‌وه‌.

بە وەرگرتنی ئەم بڕە پارەیەش هێشتا جوتیارانی پارێزگای دهۆك نزیکەی 92 ملیار دیناریان ده‌مینێت، کە 12 ملیار هی ساڵی 2014 و 45 ملیار هی ساڵی 2015 و 35 ملیاریش هی ساڵی 2016ـیه‌.

H.B